مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی چالاكوانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە نوێترین ئاماری خۆیدا ئاشكرای دەكات كە لە ماوەی 28 ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان 5459 كەس كوژراون.
ئاژانسی هرانا، ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـى 1ـى 2026، ئاماری نوێی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت “ڕێكخراوەكەمان تا دوێنێ شەممە، كوژرانی 5459 كەسی پشتڕاستكردووەتەوە كە 60 لەوانە منداڵن و هەروەها 208 كەسیشیان لە هێزە ئەمنییەكان بوونە،”
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی ئاژانسەكە، تا ئێستا 40 هەزار و 887 خۆپیشاندەر لە شارە جیاوازەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون و زیاتر لە حەوت هەزار كەسیش بریندار بوونە .
هاوكات ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران چوارشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكی دا ئاماری قوربانیانی بڵاوكردەوە و ڕاگەیاند ” ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە 3117 كەس، كە دوو هەزار و 427 یان خەڵكی بێتاوان و هێزە ئەمنییەكان بوون.”































































