لیوا توانا سەدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی رایگەیاند: لە ماوەی رابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەش کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە کارئاسانیەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروست کردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی، سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی كوردستانی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان رۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا گێڕاوە، ناوبراو روونیشی کردەوە کە ئەم هاوکارییە تەنها لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمیەکانیاندا نەبووە، بەڵکوو لە کاتەکانی پشووشدا ئەم ئەرکەیان لە پێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە.
لیوا توانا سەدیق، ئاشکرای کرد کە نزیکەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (زیاتر لە%99) لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون، لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ئاسان، لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات.
لەمبارەشەوە رۆڵی ستافی تیمی هەژماری من بەرزدەنرخێنین کە پێشەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەبەرچاو گرتووە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەم پێشکەوتنە و بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری من، لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە رێگەی بانکەکانەوە بە شێوەی پێشوو کۆتایی پێ دێت.
































































