محەممەد مەحموود- سۆران:
بەپێی ئامارەکانی بنکەی تەندروستی ژیانەوەی نوێ بۆ هاوسەرگیری لە سۆران ، مانگی 1 ی ئەمساڵ زیاتر لە 300 کەس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاوسەرگیریان کردووە، ساڵی ڕابردووش 3842 کەس هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
د. وریا محەمەدەمین، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی ژیانەوەی نوێ بۆ هاوسەرگیری، بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە کۆی ئەو پشکنینە خوێنانەی لە بنکەکەمان تۆمارکراون لە مانگی 1 ی ئەمسال لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 348 کەس پڕۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، ئەو ئامارەش تاکو 24 ی ئەو مانگەیە، بە پێی ڕێنماییەکان ئامار لەو ڕێکەوتە هەژمار دەکرێت “.
د. وریا ، گوتیشی ” لەو ڕێژەیە 3 کەسیان هەڵگری تالاسیما بوونە، بەپێی ئەو ئامارەش بێت مانگی 1 ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنووری ئیدارەی سۆران چوونەتە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری زیاتربووە له مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو”.
بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی ژیانەوەی نوێ بۆ هاوسەرگیری، ئەو ئامارەشی خستەروو کە تایبەت بوو بەو کەسانەی لە رێگەی نیشنگەکانەوە هاتوونەتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 20 کەس پشکنینی خوێنیان بۆ کراوە و 49 کەسیش لەوانەی لە رێگەی چاودێرییەوە نێردرابوون پشکنینی خوێنیان بۆ ئەنجامدراوە.
کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە ساڵی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاوسەرگیریان ئەنجامدابوو پێکدێن له 3842 کەس، ئەو کەسانەی له ڕێگەی نیشنگەکانەوە هاتوون و پشکنیان بۆ کراوە 171 کەس بوونە و 484 کەسیش پشکنیی چاودێری تەندروستیان بۆ کراوە ، کۆی گشتی پشکنینەکان بە هاوسەر گیری و شاندکراو و چاودێری تەندروستی 4497 پشکنین بوونە.
































































