
ن/ ئەحمەد کامەران
لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، سەرەتا سەری ڕێز و نەوازشت بۆ قارەمانێتییەکەیان دادەنوێنم.
ژینا توانی بە ئازایەتی و بوێری خۆی ببێتە پێشەنگی هەموو ژنانی چەوساوەی نێو کۆمەڵگای پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ژینا، تەنیا دەنگێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شۆڕشگێڕێکی چاونەترسی ئازادی خواز بوو، توانی لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی چەندین ساڵەی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران ، کە تێیدا دەستی سورە بە کوشتنی هەزاران ژنی ئازادیخواز بە چەندین هۆکاری جیاوازەوە.
بەڵام ژینا دەنگی ناڕەزایەتی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەکو ڕەشەبایەک گەیاند بە گوێی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری ئاینی دا.
ئەگەرچی دەسەڵات ویستی لەڕێگای کوشتنی ژیناوە، دەنگی ئازادی ژنان بەتەواوەتی سەرکوت بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواجار شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بوو بە وەچەرخان و ڕێبازێکی نوێی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
دواجار سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە تەنیا لەسنوورێکی دیاری کراودا قەتیس نەکرایەوە، هەر زوو بە بوێری ژنانی ئازاد توانی سنوورەکان بشکێنێت و هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهانی لەگەڵ خۆیەوە بتەنێ، ئێستا هەموو ژنان بەیەک دەنگ و یەک ئامانج خەبات بۆ شۆڕشی پیرۆزی ژن ، ژیان ، ئازادی دەکەن.
جێگای باسە ئەم شۆڕشە هزرییە، تەنیا پەیوەست نەکراوە بە ئازادی ژنان، بەڵکو پیاوانیش دەبێت شان بەشانی ژنانی ئازادیخواز ڕۆڵی گرنگی خۆیان تێدا بگێڕن، لە ڕێگای ئازادکردنی هزر و بۆچوونەکانیان لەبارەی بچووک بینینی ژنان لەنێو کۆمەڵگە و سەپاندنی دەسەڵات و هێزی خۆیان بەسەر هەموو مافەکانی ژنان، پێویستە پیاوان چیتر دەسەڵاتی پیاوسالاری لەخۆیاندا نەبینن، بەڵکو هەوڵی کوشتنی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپارێزییە لەهزریان بدەن، خۆیان بە یەکجاری ئازاد بکەن.
پیاو سالاری بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتداریدا بۆتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ نایەکسانی کۆمەڵایەتی و تێکدانی تەواوی ئاراستەی کۆمەڵگە، کۆتایی هێنان بە هزری پیاوسالاری، واتە کۆتایی هێنانە بە کوشتنی تەواوەتی ژنان.
کوشتنی یەک ژن بەواتای کوشتنی کۆمەڵگە دێت، لەبەر ئەوەی دواجار ژن خاوەن پێگەیەکی گرنگی کۆمەڵگەیە، کاتێک تۆی پیاو هەوڵی کوشتنی ژنێک دەدەی واتە تۆ هەستای بە ئازاردانی گرنگترین بەشی کۆمەڵگەی مڕۆڤایەتی.
دەبێت ئەو پیاوانەی دەستیان بە خوێنی ژن سوورە، دادگا قورسترین سزا بەسەریاندا بسەپێنێت، ببن بە وانەیەك بۆ پیاوانی دیکە، چیتر بوێری ئەوەیان نەبێت پەنجە بۆ ژنێک درێژ بکەن.
جێگای داخە دەبینین ئەو یاسایانەی دانراون زۆربەیان لە بەرژەوەندی پیاو دایە، تەنانەت لەلایەن پیاوانەوە یاساکان نووسراون.
كاتێ پیاوێک بە بە بیانووی پاراستنی شەرەف و ناموس ژن و خوشکی خۆی دەکوژێت. ماوەیەک زیندانی دەکرێت، بەڵام پاش ماوەیەک دەبینین بە هۆکاری پاکردنەوەی ناموس لەلایەن دادوەر ئازادی دەکرێت.
سەردەم سەردەمی ژنە ئیتر، سەرکەوتن بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بڕووخێت دەسەڵاتی کۆنەپارێزی و چەوسانەوەی ژنان. روحی هەموو ژنانی ئازادیخواز شاد و ئاسوودە بێت.
































































