ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێورەسمێکی تایبەت بە دوازدەیەمین ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزیدی و کۆمەڵکوژیی شنگال بەڕێوەچوو
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گووتارێكیدا گوتی: ئەمڕۆ یادی 12 ساڵەی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین، کە لەسەر دەستی تیرۆریستی داعش مرزنترین تاوان دەرحەقی خوشک و برایانی ئیزدی کرا.
ئاماژەی بەوەش دا، لەو رۆژەی ئەو تاوانە ئەنجامدرا، جەنابی سەرۆک بارزانی گوتی، پێویستە ئێمە تۆڵە بکەینەوە و جارێکی دیکە شنگال لە دەست تیرۆریستان ئازاد بکەینەوە. دەشڵێت: بە سەدان پێشمەرگە بۆ رزگارکردنی شنگال خۆیان کردە قوربانی.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەرێز و قەدرگران
هەمووتان بەخێر بێن، سەر سەر و سەر چاوان.
سوپاسی ئامادەبوونی گرنگتان دەکەم، سوپاسی ئامادەبوونی میر حازم تەحسین بەگ، جەنابی بابە شێخ، جەنابی پاتریارک، نوێنەری بەرێز عەلی زەیدی، جەنابی دکتۆر فوئاد، کونسوڵەکان و هەموو ئامادەبووانی بەرێز دەکەم بەم بۆنەیەوە.
ئەمڕۆ ئێمە یادی 12 ساڵەی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دەکەینەوە، کە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش گەورەترین تاوان دژ بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەنجام درا. تاوانێک کە ویژدانی هەموو مرۆڤێکی هەژاند، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە دەرەوەی کوردستان و لە هەموو جیهاندا.
لەو رۆژەی ئەم تاوانە ئەنجام درا، جەنابی سەرۆک بارزانی بەڵێنی دا کە دەبێت تۆڵەی ئەم تاوانە بکەینەوە و دەبێت شنگال جارێکی تر لە دەستی ئەم تیرۆریست و غەدارانە ئازاد بکەینەوە.
100 رۆژ دوای ئەو بەڵێنە، من لە خزمەتی جەنابی سەرۆکدا بووم، گەیشتینە سەر لوتکەی چیای شنگال، و چیای شنگال و شنگال و هەموو ناوچەکە لە دەستی ئەو تاوانبارانە رزگار کران. بە سەدان پێشمەرگە خوێنی خۆیان بەخشی و بوونە قوربانی. من شایەتحاڵی قوربانیدانی ئەو پێشمەرگانە بووم بۆ ئەوەی شەڕەف و کەرامەتی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بپارێزرێت و ئەم تۆڵەیە لە دژمن و تیرۆریستان بکرێتەوە.
بە سەربەرزییەوە ئێمە لە خزمەت جەنابی سەرۆکدا گەیشتینە شنگال و ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی گشتی ڕزگار کرا، بەڵام ئەم تاوانە لەبیر ناکرێت. بە هەزاران خوشک و برای ئێزدیمان بوونە قوربانیی ئەم جێنۆسایدە، زۆریان دەستگیر و دیل کران، زۆریان کۆمەڵکوژ کران.
لەو ڕۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کابینەی حکومەت بە بەردەوامی لە بەدواداچووندا بووە بۆ ئەوەی بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی ئەو قوربانییانە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣,٥٠٠ خوشکی ئێزدیمان دۆزراونەتەوە و لە دەستی ئەو تاوانبارانە ڕزگار کراون، بەڵام زیاتر لە ٢,٧٠٠ کەسیش هێشتا ماونەتەوە و نەدۆزراونەتەوە. هیوامان وایە هەر کەسێک بیوێت هاوکاریمان بکات، پێکەوە بتوانین بیانئادۆزینەوە و ڕزگاریان بکەین.
جێی خۆیەتی سوپاسی هاوپەیمانان بڵێم بۆ ئەو هاوکاری و پشتیوانییەی پێشکەشیان کردین لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، و هاوکاریکردنمان بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکانمان بکەین کە شوێنی خۆیان جێهێشت و هاتنە کوردستان، و زۆریشیان لە دەرەوەی هەرێم چوونە وڵاتانی تری ئەوروپا. هەموویان دەرگای خۆیان بۆ ئەم خوشک و برایانە ڕوویان کردەوە. هیچ شوێنێک ناگاتە ماڵ و خاکی مرۆڤ، بەڵام جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەتانە بکەم کە هاوکارییان کردین، سوپاسی هەموو ڕێکخراوە ناحکومییەکان بکەم کە هاوکارییان کردین، و بە تایبەتی سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم کە هەموویان دەرگای خۆیان بۆ ئەم خوشک و برایانە واڵا کرد.
بەداخەوە هێشتا زیاتر لە ٢٠ هەزار خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکاندا دەژین. هەرچەندە ئەمڕۆ لە وڵاتی خۆیاندا ئاوارەن، بەڵام کاتێک مرۆڤ لەسەر مال و حاڵی خۆی نەبێت بەدڵنیاییەوە ژیانی زەحمەتتر دەبێت. هیوامان وایە ڕۆژێک بتوانین ئەمانە بە سەربەرزییەوە بگەڕێنینەوە بۆ شوێنی خۆیان، بۆ شنگال، بۆ هەموو ئەو گوند و ناوچەیەی کە ناچار بوون کۆچی لێ بکەن.
ئێمە سوپاسی دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراقیش دەکەین بۆ هاوکارییان لە دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هاوکاریکردنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ڕووفاتی قوربانییان بۆ شوێنی خۆیان. بەڵام ئێمە هێشتا داواکاریمان هەیە؛ داواکارییەکانمان ئەوەن هاوکار بن، حکومەتی فیدراڵی هاوکار بێت بۆ ئەوەی وەزعی شنگال جارێکی تر ئاسایی ببێتەوە، خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بە سەربەرزی، و ئاسایش و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شنگالیش بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی شنگال.
ئێمە ئەم داوایەمان لە حکومەتی فیدراڵی هەیە و حکومەتی هەرێمیش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر هەم شنگال و هەم دەوروبەری شنگال ئاوەدان ببنەوە. ئێمە زۆر هەوڵمان دا لە کاتی خۆیدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی لەگەڵ یونیتاد (UNITAD) کە دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش دروست بکرێت بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی ئەم تاوانەیان دژ بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەنجام داوە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی پێشوو هاوکار نەبوو. هیوامان وایە ڕۆژێک ئەم دادگایە دابمەزرێت و هر کەسێک دەستی لە تاواندا هەبووبێت بگاتە سزای خۆی.
داواکاریمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە هاوکار بن تا ئەو شوێنەی بگوێندرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ئێشەکانی قوربانییانی دەستی تیرۆر، بە تایبەتی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. ئەوەی لە دەستمان هات بێت کردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بە تایبەتی بۆ ئەو خوشک و برایانەی ڕزگار کراون؛ بۆ ئەو خوشکانەی دۆزراونەتەوە و ڕزگار کراون، لەسەر ناوی حکومەتی هەرێم بنکەیەکی چارەسەریمان بۆ تەرخان کردوون بە شێوەیەک ئازارەکانیان کەم بکرێتەوە، هەرچەندە ئەمە هیچ نییە لە بەرامبەر ئەو هەموو زەرەر و غەدر و زوڵمەی لێیان کراوە، بەڵام تا لە دەستمان بێت ئێمە ئامادەین و بەردەوام دەبین.
ئەو قوتابییانەی لە زانکۆ ویستوویانە بەردەوام بن لە خوێندن، ئێمە زەمالەی خوێندنام بۆ دابین کردوون و پێمان داون، و زۆریان زانکۆیان تەواو کردووە و شوێنیان دیارە ئێستا.
جارێکی تر دەڵێم: دەبێت هەموومان پێکەوە کارێک بکەین ئەم تاوانە دووبارە نەبێتەوە؛ نە دژ بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان، نە دژ بە خوشک و برا کریستیانەکانمان، نە دژ بە خوشک و برا مسلمانەکانمان. تیرۆر نە دین دەناسێت، نە نەتەوە دەناسێت؛ تیرۆر دژی مرۆڤایەتییە. بۆیە هاوکاری و پشتیوانیی هەمووان پێویستە تا پێکەوە کار بکەین جارێکی تر تیرۆر لە عێراقدا سەرهەڵنەداتەوە. یەکێک لە ڕێگەکانی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی تیرۆر ئەوەیە دادپەروەری هەبێت، یەکسانی هەبێت، و ڕێز لە مافی هەموو ئاین و نەتەوەیەک بگیڕێت.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبین بە هاوکاریی هەموو دۆستەکانمان، و بە تایبەتی لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیش، بۆ ئەوەی جارێکی تر توندوتیژی نەگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە. گەلەکەمان ماندوو بووە، ئێمە پێویستیمان بە ئارامییە، پێویستیمان بە پێشکەوتنە، پێویستیمان بەوەیە مناڵەکانمان دڵنیا بن لەوەی پاشەڕۆژێکی گەشتر چاوەڕێیان دەکات. نابێت ترس لە کوشتن و گرتن و ڕفاندن لە وڵاتەکەماندا بهێڵینەوە. داوا لە هەموو دۆستەکانمان دەکەین دەستی خۆیان بدەنە دەستمان بۆ ئەوەی هاوکار بن و کۆتایی بەم مەترسییە بهێنین، کۆتایی بەم تاوانانە بهێنین.
جارێکی تر داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بۆ ئەوەی هەموو خەڵکەکەمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە شار و گوندەکانی خۆیان، و ژیانیان بۆ دابین بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە، بە تایبەتی لەسەر ئەم هەموو تاوانە ناڕەوایەی بەرامبەریان کراوە.
جارێکی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. یادکردنەوەی ئەم تاوانە و جێنۆسایدە نەبێت تەنیا ڕێوڕەسمێک بێت بۆ ڕۆژێک، بەڵکو دەبێت بەڵێنێک بێت بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە خەبات و تێکۆشان بکەین، پێکەوە کار بکەین تا کۆتایی بە هەموو ئەمانە بهێنین و ژیانێکی سەربەرزانە بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان و هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق بگەڕێنینەوە.
جارێکی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم، هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن، کوردستانیشمان هەر ئاوان بێت.”**
































































