ئەمڕۆ پێنجشەم 10ـی تشرینی دووەم، پارێزگاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی دا بە مانەوەی قەرەبووی زەوییەكانی گوندی كۆری لە شوێنی خۆی و تاپۆكردنی لەسەر سوودمەندانی كە ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوان بوون.
باس لەوەش كراوە، ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە دوای ئەوەی لەلایەن پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و قەرەبووكردنەوەی سوودمەندانی زەوییەكان كە زۆربەیان خەڵكی هەژار و كرێنیشینی شارەكەن، هەوڵێكی زۆر درا تا لە هەمان شوێنی خۆیان كە پێشتر بۆیان دیاری كرابوو، قەرەبوو بكرێنەوە.
قەرەبووی زەوییەكانی گوندی كۆری سەرەتا لە سنووری گەزنە بوو، بەڵام دواتر گوازرایەوە پشت پیرزین، هەوڵێك هەبوو بۆ لێسەندنەوەی ئەو زەوییانە و پێدانیان لە شوێنێكی تر، بەڵام دوا بڕیار دەرچوو دەبێت هەمان زەوییان بۆ تاپۆ بكرێ.