محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
گوڵی حەسەن، بەر لە 11 ساڵ دێتە نێو دونیای هونەر و لە چەندین فیلمی سینەمایی و درامای تەلەفزیۆنی بەشدار بووە، یەكێكە لە دۆبلێرە سەركەوتووەكانی كوردستان و كاری نووسینی سیناریۆیش ئەنجام دەدات، ئەمەش بووتە هۆكارێك خەڵات و رێزلێنان لەبوارەكەی خۆی پێشكەش بكرێت، ئەو خانمە سینەماكارە لە دیدارێكی زاری كرمانجی قسە لەسەر دۆخی سینەما و عەقڵی بەبازاڕكردنی فیلم و دروست نەبوونی ئەكتەری سینەما دەكات و لە دەستپێكی ئاخاڤتنەكەی گوڵی حەسەن، رایگەیاند” دۆخی سینەمای كوردی زۆر خراپە، بەڵام هونەرمەندان ناوەستن و هەرچۆنێك بێت كار دەكەن، كە ئەلێم خراپە لەبەر یەك هۆكار نیە چەندین هۆكار هەیە بەدەرەجەی یەك هاوكاری وەزیری دارایی سفرە بەڕاستی نایشارمەوە هیچ هاوكارنیە بۆ بواری هونەر، پاشان هونەرمەندانیش لەبەر ئەوەی نەوەستن و لەكار دوانەكەون كار دەكەن هەرچەندە كال و كرچیشن لەرووی سیناریۆ و دەرهێنان و نەبوونی لۆكەیشن و بودجەی باش”.
ئەو سینەما كارە بۆچوونی خۆشی لەسەر ئەو دەنگۆیانە دەربڕی كە دەگووترێت بینەری سینەما زۆر كەمە، دەڵێت” لەم هەرێمەی ئێمەدا بینەر زیاد ناكات لەبەر زۆر هۆكار فیلمەكان باش نین و ئەكتەرەكان زۆر دووبارەن و هەمووی بووەتە گروپ و هاوڕێەتی و بەرژەوەندی خەڵكیش شارەزای ئەمانە بووە”.
لە بارەی عەقلی بە بازاڕكردنی فیلم لە هەرێمی كوردستان، گوڵی ئاماژەی بەوەكرد” بە بازاڕكردنی فیلم بەلای منەوە خراپ نیە چونكە تا فیلمێك بەرهەم دەهێنرێت دونیایەك ماندوبوونی تێدایە لاوازیشی ناكات بە پێچەوانەوە بەهێزی دەكات”.
لە دوا پەیڤەكانی دا خانمە سینەماكار گوڵی حەسەن، روونی دەكاتەوە” ئەكتەری نوێ غیاب نیە دەرهێنەرەكان و زۆربەی هونەرمەندان بوونەتە گروپ، هەموو دەرهێنەرەكان ئەیانەوێت كاربكەن بەڵام زۆرترین پارە بۆ خۆیان بمێنێتەو زۆر جار یان پاریەكی كەم ئەیەن بە ئەكتەر یان ئەڵێن بەخۆبەخش كار بكە ئێ ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی دورخستنەوەی ئەكتەری تازە.