ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
کۆمپانیای شیمال ئەلجەزیرە (SAT)، وەک بریکاری فەرمیی کۆمپانیای فۆرد لە عێراق، لە مەراسیمێکدا لە زانکۆی ئەمریکی لە بەغدا (AUIB) دەستپێکردنی فەرمیی کارەکانی ڕاگەیاند و تێیدا بۆ یەکەمجار پەردە لەسەر ئۆتۆمبێلی نوێی فۆرد ئێڤەرێست (Ford Everest V6) لادرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی و ژمارەیەک لە بازرگانان و میدیاکاران بەڕێوەچوو، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی نوێی ئێڤەرێست V6 بە هەردوو جۆری (Platinum و Tremor) تایبەت بۆ کەشوهەوا گەرمەکە و ڕێگاوبانە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق دروست کراوە.
ڕاڤی ڕاڤیچاندران، سەرۆکی فۆرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لە گرنگیی بازاڕی عێراق بۆ فۆرد کردەوە و هاوکات یاسین ساعاتی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای SAT ڕایگەیاند کە پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ کڕیار لە کاتی ڕادەستکردنی کلیلەکانەوە دەست پێدەکات و پلانیان هەیە لە هەرێمی کوردستانەوە تا بەسرە پێشانگا و سەنتەری چاککردنەوە بە پارچەی یەدەگی ئەسڵی و ستافی راهێنراوی عێراقی بکەنەوە
لە پەراوێزی مەراسیمەکەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیای SAT و زانکۆی ئەمریکی لە بەغدا واژۆ کرا بۆ دابینکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی عێراق وەک هەنگاوێک بۆ وەبەرهێنان لە توانای گەنجانی وڵاتدا.
































































