گەشبین جەمال عومەر
قوتابی زانكۆی سۆران – بەشی مێژوو كولتوورەكان
كورد یەكێكە لە نەتەوە دێرینەكانی دنیا، كە بەداخەوە تاكو ئێستا، خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەتەوەیی نییە و بە درێژایی مێژوو، ڕووبەڕووی ستەمكاریی نەتەوەیی و داگیركاریی بۆتەوە لەلایەن دوژمنانییەوە بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی كوردیان بە سەر دابەشكراوە. وەلێ كورد، بەردەوام و هاوتەریب لەگەڵ ئەو ستەمە مێژووییە، بەردەوام بەرگریی لە بوون و شوناسی نەتەوەییانەی خۆی كردووە، بوونی خۆی وەك نەتەوەیەكی جیاواز لە تورك و فارس و عەرەب سەلماندووە. مێژووی قارەمانیەتی كورد، یاخیبوون و گیانی بەرگریی و مانەوە و هێزو قوربانیدان، هەمیشە ئەو خەسڵەتە نەتەوەیی و سیاسی و شۆڕشگێڕیی و مێژووییە بوونە، كە كوردیان پێوە ناسراوەتەوە بۆ گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسان و ئەوانەشی ڕۆژگارێك سەردانی كوردستانیان كردووە، جێگەی پەسن و سەرنج و باسكردن بووە، نەتەوەی كورد لە پێناو وەدیهێنانی مافەكانی، بەردەوام لە شۆڕش و خەباتكردن و تێكۆشانی سیاسی و چەكداری دابووە، لەو ڕێگەیشەوە چەندین شۆڕشی بەرپاكردووە، كە شۆڕشی ئەیلول یەكێكە لەو شۆڕشە مەزنانە. شۆڕشی ئەیلول، بە چەندین تایبتمەندی سیاسی لە شۆڕشەكانی دیكەی كورد جیا دەكرێتەوە، كە هەرە دیارترینیان ئەوەیە، كە تاكە شۆڕشی نەتەوەیی كوردە، كە كۆی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بە یەكپارچەیی و یەكگرتووی بەشداریان تێدا كرد، بە گشت چین و توێژەكانەوە، دواتریش شۆڕشی ئەیلول درێژترین شۆڕشی كوردە، لە ڕووی تێكۆشانی سیاسییەوە. بێگومان ئەم شۆڕشە، سەرتاسەری و كوردستانی بوو، هەموو شارەكانی كوردستانی باشووری گرتەوە، لەو ڕوانگەیەوە شاری ڕواندزیش یەكێك بوو لەو شارانەی هەر لە دەسپێكی بلێسەی شۆڕشەكەوە، بەشدارییەكی كارای لە شۆڕشەكەدا كردووە، چەندان فەرماندەی قارەمان و لێهاتوو وەك ( شەهید ساڵح ئاكۆیی، شەهید حەمە زیاد، شەهید سەید سەلیم) و زۆرانی تریش، بە پێشمەرگەكانیانەوە بەشداریان تیادا كردوو چەندان داستانی قارەمانانەیان لە شۆڕشەكەدا ئەنجامدا، كە هەرە دیارترینیان شەڕی هەندرێن بوو، كە شكستی بە سوپای حكومەتی عێراق هێناو حكومەتی عێراقی ناچار بە گفتو گۆ كرد. شەڕی هەندرێن، لە ڕێكەوتی 12/ 5/ 1966 لە چیای سەركەشی هەندرێن، كە چیایەكە كەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ڕواندزەوە ڕوویدا لەو شەڕەدا، چەندین فەرماندە و هێزی پێشمەرگەی قارەمانی سنووری شاری ڕواندز، بە فەرماندەیی مام عزەت دەرگەڵەیی و سەید مستەفا بنەكاولی، بەشداریان تیادا كردوو لە شەڕەكەدا، سێ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون، كە دووانیان پێشمەرگەی سنووری ڕواندزبوون ئەوانیش( شەهید خدر عەوڵا بەگ دەرگەڵەیی، شەهید ساڵح مام ئەلیاس ڕواندزی) ئەم شەڕە، كاریگەریەكی گەورەی كردە سەر هێزەكانی دوژمن و زیانی مەزنیان لە هێزەكانی دوژمندا، كە بە هۆیەوە حكومەتەكەی عارف، ناچار بوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ بارزانی نەمرو سەركردایەتی شۆڕش بكات. لە بارەی ئەم داستانە مەزنەوە مام عزەت دەرگەڵەیی، كە فەرماندەیەكی دیاری شەڕەكە بوو، هاوكات هێزەكەشی بەشداری كارایان لە شەڕەكەدا كردووە دەڵێت:_( ئەو داستانە مەزنە، چۆكی بە دوژمن دادا، ورەی بە دوژمن بەرداو، ناچاری كرد، بێتە سەر تاوڵەی مفاوەزات، )(1) حكومەتی عێراق، بێگومان بەردەوام بوو لە بۆردومانكردنی كوردستان و كوشتنی خەڵكی بێ تاوان و بڕوای وابوو، دەتوانێت بە ماوەیەكی كەم، شۆڕشەكە دابمڕكێنێتەوە، كەچی شۆڕشەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبوو، هەروەها خۆڕاگریی و قارەمانیەتی پێشمەرگەش بە هێزتر دەبوو، بۆیە بە تەنها لە شەڕی هەندرێندا، گورزێكی وایان لە حكومەتی عێراق دا، كە یەكڕاست ناچار بێت، دەست بە گفتوگۆ بكات. هەر لە بارەی ئەو داستانە مەزنەوە مام عزەت ڕۆڵی پێشمەرگەكانی شاڕی ڕواندز باس دەكات و دەنووسێت:( كە كاتی دیاریكراو داهات، كاك سەید مستەفا( مەبەست سەید مستەفا بنەكاولی)یە، لەگەڵ دەستەكەی كەوتنە پێش فیدایەكان و لەڕووی لای دۆڵی ئاكۆیانەوە، بە نهێنی بە ناو دار و جەنگەڵ دا، خۆیان نزیكی ڕەبیەكان كرد، بێ ئەوەی دوژمن لێیان ئاگادار بێ بە دووری دووسەد مەتر خۆیان ئامادەكرد) (2) بێگومان هەڵكەوتەی چیای هەندرێن، ڕووتەن و سەختە، هاوكات سوپاكەی دوژمنیش پالپشتیكراوبوو بە چەندان ئامێر و چەك و كەرستەی سەربازیی، بۆیە دەبوو هێزەكانی پێشمەرگە، پلانی سەركەوتوو دابڕێژن، لەو ڕوانگەیەوە، شەهید سەید مستەفا بنەكاولی، كە یەكێك بووە لە دیارترین فەرماندەكانی شۆڕشی ئەیلول، سەردەستەی چەندان ( خۆبەختكەر _فیدایی) كردووە، واتا هێزەكەی ئەو لە یاسای سەربازیدا، بە هێزی نەگەڕاوە دادەنرێت، ئەو هێزەی مردن و شەهیدبوونی یەكلاییكردۆتەوە، بۆیە فیدایەكانی ڕواندز، وەك هێزێكی كاریگەر، بۆ سەنگەرەكانی پێشەوە و دەستەی هێڕشبردنی شەڕەكە داندراون، چونكە ئەوەندە پێشمەرگەی قارەمان و شەڕكەر و دەستوەشێن بوون.بە درێژایی شۆڕی ئەیلول، تا ڕێكەوتنامەی یانزەی ئازار، ڕواندزییەكان، ڕۆڵی گرنگ و كارایان لەو شۆڕشەدا بینی و چەندان شەڕی قارەمانانەیان، وەك شەڕی كۆڕەك و زۆزك وگەرووی عەمر ئاغا كرد، و دەرەنجامیش چەندان فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمانی ڕواندز لە پێناو خاكی پیرۆزی كوردستاندا، خوێنی پاكی خۆیان ڕشت و قوربانیان بە خۆیاندا. ئەو دەسكەوتانەی ئەمڕۆ گەلی كوردیش، بەری ئەو خەبات و تێكۆشانەن . شۆڕشی ئەیلول، بۆ هەمیشە وەك شۆڕشێكی مەزن و گەورە و یەكپارچەی دەمێنێتەوە و لە مێژووی تێكۆشانی گەلی كورد دا، لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی.
سەرچاوە:
1_ داستانی هەندرێن، نووسینی مەغدید حاجی.
2_ ه _ س _ پ.


































































