ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکە سەربازییەکانی وڵات ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان بەتەواوی ئامادەن بۆ بژاردەی بەڕێوەبردنی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی چوونەدەروەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 30ی ئەیلوول کۆتایی پێبێت. دیاریکردنی ئەم وادەیەش وەک «ڕۆژی سەروەریی عێراق» و بۆنەیەکی نیشتمانی هەژمار دەکرێت.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بەپێی ڕێککەوتنێکی ئەمنی و پیشەیی لەنێوان لیژنە تایبەتمەندەکان جێبەجێ دەکرێت و دوورە لە هەر تێکەڵکردنێکی سیاسی. گوتیشی: “عێراق کار بۆ ئەوە دەکات هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی درێژخایەنی دووقۆڵی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.”
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، نوعمان جەختی لەسەر هەنگاوەکانی حکوومەت کردەوە بۆ ڕێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا و ئاماژەی بەوە دا، ئەو چەکەی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا بەکارهاتووە، پێویستە تەنیا لەژێر چەتری یاساییدا بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد کە فەرماندەیی ئەمنی کار لەسەر پلانێکی ستراتیژی نوێ دەکات بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکان و چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی پێشوەختەی تاوان و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری لە شەقامەکاندا.

































































