لەسەدا 90ی هاووڵاتیانی بەشداربوو لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاین لەلایەن تۆڕی میدیای (ئێران ئینتەرناشناڵ)ەوە، كە بنكەی سەرەكیان لە دەرەوەی ئێرانە ڕایانگەیاندووە، لە دۆخی ئێستای وڵات هیچ ئارەزووی هاوسەرگیری یا منداڵبوونیان نییە.
ئێران ئینتەرناشناڵ، بڵاوی كردۆتەوە، نزیکەی 100 هەزار کەس بەشداریان لەم ڕاپرسییەی ئینستاگرام کرد و وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە کە ئایا لەم دۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەی ئێستای وڵاتدا هیچ ئارەزوویەکیان هەیە بۆ هاوسەرگیری یان منداڵبوون؟
لەسەدا ٦٨ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پیاو بوون و لەسەدا ٣٢یان ئافرەت بوون.
لە ڕووی تەمەنەوە، زۆرترین ژمارەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کە لەسەدا 40.3 بووە، لە گرووپی تەمەنی 34-25 ساڵان بووە.
گروپی تەمەنی 35-44 ساڵان نزیکەی لەسەدا 29.2 و گروپی تەمەنی 18-24 ساڵان لەسەدا 13.3 و گروپی تەمەنی 45-54 ساڵان نزیکەی لەسەدا 9.8ی ئەم ژمارەیەیان پێکهێناوە.
فشاری ئابووری، نائەمنی کار، تێچووی خانووبەرە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی منداڵان لە گرنگترین هۆکارەکانن کە زۆرێک لە وەڵامدەرەوەکان باسی دەکەن بۆ خۆپاراستن لە دامەزراندنی خێزان یان منداڵبوون.
































































