مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ هیچ نیازێكی نییە گوشارە ئابوورییەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران كەم بكاتەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و گەمارۆكانی ئەمەریكا توانای ڕژێمی ئێرانی بۆ بەكارهێنانی دەسەڵات لە ناوچەكە و دابینكردنی دارایی خەرجییەكانی بە توندی كەم كردووەتەوە.
باڵیۆز مایك واڵتز، لە هەڤپەیڤینێكی دا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیووز گوتی “دەسەڵاتی سەربازیی ڕژێمی ئێران لەناوچووە و كۆماری ئیسلامی تەنانەت دەسەڵاتی بەسەر كەناراوەكانی خۆشیدا نەماوە.”
واڵتز سەبارەت بە هەڵمەتی ئابووریی ئیدارەی ترەمپ ئاشكرای كرد كە سكات بەسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا سەركردایەتی “تووڕەیی ئابووری” و “گۆشەگیركردنی ئابووری” دەكات.
باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشكرد “ئێمە پێمان لەسەر ملی ئابووری ئێران داناوە. سەرۆك ترەمپ گوشارەكان سووك ناكات و ئامانجی سەرۆك ڕوونە كە كۆماری ئیسلامی نابێت چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.”

































































