مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، لە كاردانەوەی بە تیرۆر ناساندنی سوپای پاسداران لە لایەن وڵاتانی ئەورووپاوە ڕایدەگەیەنێت “سوپای سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا دەخەینە لیستی تیرۆر.”
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە 1ـى شوباتی 2026، وەك وەڵامدانەوەیەك لەبەرامبەر بڕیارەی وڵاتانی ئەورووپا كە سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستە لیستی تیرۆرەوە ڕاگەیاند “بڕیارەكەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ ناونانی سوپای پاسداران بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، كردارێكی نا بەرپرسانەیە و بە فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا و ڕژێمی ئیسرائیل كراوە.”
دەشڵێت “سوپای پاسداران ناوازەترین دامەزراوەی دژە تیرۆرە لە جیهاندا،”
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران جەخت لەوەش دەكاتەوە كە بە گوێڕەی ماددەی حەوتەمی یاسای سوپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، سوپای وڵاتانی ئەورووپی بە گرووپێكی تیرۆریستی دەناسێنین و دەرەنجامەكانی ئەم بڕیارەش لە ئەستۆی یەكێتیی ئەورووپا دەبێت.

































































