شەهلا رەشید- سۆران
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، دەڵێت: ” بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كەمئاوای هاووڵاتییانی سنوورەكەمان، چەند رێكارێكمان گرتووتەبەر و ئیدارەی سۆرانیشمان لێی ئاگادار كردووەتەوە.
ئەندازیار تەحسین سەدوڵلا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپرشتیاری ئیدارەی سۆران، تاوتوێی كێشەی وشكە ساڵی و نەبوونی پڕۆژەی بێ ئاویمان كرد لە سنوورەكەمان، هەر لەم كۆبوونەوەدا ئەو شوێنانەی كێشەی بێ ئاویان هەیە بە راپۆرت دراوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، كە تێیدا سەنتەری خەلیفان 28 گوندی دەورووبەری كێشەی بێ ئاویان هەیە گوندی لێڕەمیریش یەكێكە لەوان، هەروەها لەوێش پشتگیری كراوە بۆ ئەو شوێنانەی كە زۆر زەروورن سەرەتا لەسەر ئەمە كار بكەین و لە ئێستادا لیژنەكەمان ئەم شوێنانە دیاری دەكەن كە گرفتی كەم ئاویان هەیە”.
گووتیشی” ئەو شوێنانەی زەروورن و سەرچاوەی ئاویان هەیە جیاوازن، بەپێی رێژەی دانیشتووان، بۆ نموونە هەندێك لە گوندەكان سەرچاوەی كانی ئاویان هەیە، هەندێكیشیان هەن كە هیچ سەرچاوەیەكی ئاویان لێ نییە، بۆیە دەبێ ئەمانە پۆلین بكەین بەپێی ئەو بودجەیەی كە بۆمان دابین دەكرێت، هەروەها هەر شوێنێك گرفتی نەبوونی ئاوی هەبێت، پڕۆژەی تاكەری ئاومان هەیە بەسەریاندا دابەش دەكەین، دواتر تەماشای ئەم شوێنە دەكەین، ئایا پێویستی بە پڕۆژە هەیە یان سەرچاوەی ئاویان هەیە، ئەو كات ئەوانەی كە زۆر پێویستییان پێ هەیە لەوێ دەستپێ دەكەین”.
ئاشكراشی دەكات: ” بەمەبەستی دابین كردنی ئاو بۆ بەشێكی لە گەڕەك و گوندەكانی سنوورەكەمان زیاتر لە 2 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ دابەشكردنی ئاو بە تانكەر بەسەر هاووڵاتیان.































































