مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریكا بە ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هەیۆم”یان ڕاگەیاندووە كە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) زانیاریی هەواڵگریی داوەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بوونی پلانەكانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی باڵای ئیدارەكەی.
ئەم هەڕەشانە بوونەتە هۆی گواستنەوەی بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا بۆ دامەزراوە و شوێنە زۆر پارێزراوەكان و كەمكردنەوەی دەركەوتنی ترەمپ لە بۆنە گشتییەكاندا، سەرەڕای جێبەجێكردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی تایبەت بۆ پتەوكردنی پاراستنیان.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئیسرائیل هەیۆم”، ئەگەرەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا، تەنانەت ئەگەر ڕێككەوتنێكی سەرەتاییش بێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كردووە، ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی كە “مۆساد”ی ئیسرائیلی پێشكەشی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكای (CIA) كردووە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئێران بەنیازە سەرۆك ترەمپ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەكەی بكاتە ئامانج.
بەرپرسە باڵاكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بە ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هەیۆم”یان گوتووە كە ئەم هەڕەشانە یەكێك بوون لە هۆكارە سەرەكییەكان كە وایان لە ترەمپ كرد لەم دوایانەدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دانوستانەكان لەگەڵ تاران بگۆڕێت.
بە گوتەی بەرپرسان، ئیسرائیل لەسەر داوای ئەمریكا لە ڕاستی و دروستیی زانیارییە هەواڵگرییەكانی كۆڵیوەتەوە، دوای ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا داوایان لە “مۆساد” كردبوو كە لە وردیی زانیارییەكان دڵنیا ببێتەوە. لە ئێستاشدا ڕۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری مۆساد، بە سەردانێك لە ئەمریكایە و چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە، لەنێویاندا جۆن ڕاتكلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (CIA).
بەرپرسێكی باڵا ڕوونی كردووەتەوە كە ئەمریكییەكان پێشوەختە ئاگاداری بوونی هەڕەشەكانی ئێران بوون بۆ سەر ژیانی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریكا، بەتایبەت دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران لە سەرەتای ئەو هێرشە سەربازییە هاوبەشەی كە ئیسرائیل و ئەمریكا ئەنجامیان دا. بەڵام ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی كە ئیسرائیل پێشكەشی كردوون، ئاماژە بە هەڕەشەی دیاریكراو و نوێ دەكەن، كە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (درۆن) بۆمبڕێژكراو دەگرێتەوە.
“ئیسرائیل هەیۆم” ئاماژەی بەوەش كردووە كە مەترسیی ئەم جۆرە هێرشانە لەوەدایە كە بەرپەرچدانەوەیان بە بەكارهێنانی ڕێوشوێنە تەقلیدی و باوەكانی پاراستنی ئەمنی كارێكی قورسە.






























































