زاری کرمانجی ـ سۆران
شەماڵ دێواری، گووتەبێژی پۆلیسی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕایگەیاند: بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران سێ تۆمەتباری دەستگیر کردووە کە هەوڵیان داوە ئۆتۆمبێلێکی بە کرێگیراو بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی بفرۆشن.
دێواری ئاماژەی بەوە کرد، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران لە ڕێگەی هەواڵدەرێکەوە زانیاریی پێگەیشتووە کە سێ کەس، کە دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، هەوڵ دەدەن ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامری، مۆدێلی 2025، کە لە کۆمپانیایەکی بەکرێدانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بە کرێیان گرتووە، لە شاری سۆران بەبێ تابلۆ و بەڵگەنامەی یاسایی بفرۆشن.
گووتەبێژی پۆلیسی سۆران، گووتیشی:“ دوای بەدواداچوونی ورد و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران لە کاتی ئەنجامدانی مامەڵەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەدا، سێ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە و ئۆتۆمبێلەکەشیان دەستبەسەر کردووە، کە تابلۆکانی لێکرابووەوە.
هەروەها، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و ڕێکارە یاساییە پێویستەکان، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر، بە پێی ماددەی (٤٥٧)ی یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراون.






























































