مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەهزاد نوور محەممەدی، قایمقامی ئاودانان لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026 ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بەهۆی وەرگەڕانی پاسێكی گواستنەوەی كارمەندانی پاڵاوگەی گازی (NGL)ی دێلوڕان لە ڕێگەی نێوان دەشتی عەباس و مورموری، 12 كەس گیانیان لەدەستداوە و 16 كەسی دیكەش برینداربوون.
پاسەكە جگە لە شۆفێرەكە 27 سەرنشینی تێدابووە، سێ لە بریندارەكان دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندارەكانی دیكەش بەسەر نەخۆشخانەكانی دەزفوول، ئاودانان و ئیلامدا دابەشكراون.
پارێزگای ئیلام بە هۆی ڕووداوەكەوە، ماتەمینی سەرتاسەری ڕاگەیاند.
مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، وەزیری ناوخۆی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون و هاوكات داواكاریی گشتیی ئاودانان دەستی بە لێكۆڵینەوەی ورد كردووە بۆ زانینی هۆكاری وەرگەڕانی پاسەكە كە تا ئێستا نەزانراوە.
































































