نوسینی: کرێکار قادر ڕوستایی
ئەوەی دەیبینین کە لەڕێگەی سۆشیال میدیا و بڵاوکراوە و وێب سایت…هتد ڕیکلام و کڕین فرۆشتن بۆ کاڵاو بەرهەمی دەرمانی گیایی دەکرێت، بابەتێکی زۆر هەستیارە و دەبێ لایەنی پەیوەندار ئاگاداری بن.
خەڵکانێک کڕین و فرۆشتن دەکەن، بەناوی چارەسەری سروشتی بەدەرمانی گیایی، پسپۆڕنین و شارەزانین لەبواری چارەسەر بە دەرمانی گیایی، تەنها بۆ پارە پەیدا کردن و بازرگانی کردن بەخەڵکی هەموو کارێکی نایاسایی و ناتەندروست ئەنجام دەدەن.
ئەوەندەی من بەدواداچوونم کردووە و لەنزیکەوە ئاگاداری بووم، بەشێک لەو خەڵکانەی دووکانی عەتاریان هەیە یان شوێنێکیان کردۆتەوە بەناو گیادەرمانی، هەندێ گژو گیا تێکەڵ دەکەن و دەیکەنە ناو قوتو یان کەپسول یان بەشێوازێکی تەڕ تێکەڵەیەک ئامادە دەکەن، بەناوی چارەسەری سروشتی بۆ دابەزاندنی کێش، قەڵەوکردنی جەستە و دەم وچاو، گەورەکردن و بچوکردنەوەی سمت و ڕان و سنگ، شەکرە، لاوازی جنسی، نەزۆکی لەپیاوان و ئافرەتاندا هتد…
دواتر لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە، پڕو پاگندە و ڕیکلامی بۆ دەکەن، بەناوی چارەسەری سروشتیەوە بەپارەیەکی زۆر دەیفرۆشن بەخەڵکی.
کارەساتەکە لێرەوە دەستپێدەکات، هەندێ لە عەتارەکان و غەیری عەتارەکانیش لەژێر ناوی چارەسەرکاری سروشتی و شارەزا لەبواری دەرمانی گیانی، هاتوون تێکەڵەی گژو گیای پزیشکی خۆیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئامادە دەکەن!
دوور لەبنەمای زانستی، کە لە ڕووی ڕێژەی گژوگیاکانەوە لە تێکەڵەکەدا ئەگەر لێی نەزانێت و شارەزای گرتنەوە و ئامادەکردنیان نەبێت، کارەسات دروست ئەبێت. بەهۆی نەزانینی ئەو ماددە چالاک و ناکاریگەرانەی کە لە گیاکاندا هەیە، ئەم تێکەڵە مەترسیدار و ژەهرە، دەبێتە هۆی تێکچوونی تەندروستی ئەو کەسەی بەکاری دێنێت و دەیخوات، چونکە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت بۆ گورچیلەکانی، جگەری، سپڵی، پەنکریاسی، کۆڵۆنی، گەدەی، ڕەنگە ئەندامێکی لەدەست بدات، یا ژەهراوی ببێت بیکوژێت یا تووشی ژێرپەنجەی بکات!
بۆیە ئەوانەی پسپۆڕ و شارەزانین لەبواری چارەسەری بە گژو گیای پزیشکی، یان ئەو کەسانەی بۆ پارە پەیداکردن دەستیان کردوە بەو کارە لەدواوەی شاشەی لاپتۆپ و مۆبایل تێکەڵە و گیراوەی گژو گیای ناتەندروست دەفرۆشن بەخەڵکی، تەندروستی خەڵکی دەخەنە مەترسی و زۆر جاریش کەسانێک بەهۆی بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانە گیاییانەوە مردوون.
میکانیزمی کارکردن بە گژو گیایی پزیشکی، پێویستە ئەو کەسە، بەتەواوەتی لەبوارە خوێندبێتی و خول و ڕاهێنانی کردبێت و پسپۆڕ و شارەزایی تەواوی هەبێت، لەبواری چارەسەر بە گژو گیای پزیشکی، چونکە هەندێ کەس لەڕێگەی چەند خولێک لەو بوارەدا یان لای کەسێک کاری کردووە دواتر هاتووە دەستی کردووە بە خوێندنەوەی لەڕێگەی پەرتوک و ئەنترنێت و سەیرکردنی ڤیدیۆ هەندێ زانیاری وەرگرتووە، دووکان و شوێنێکی داناوە لەژێر ناونیشانی چارەسەری نەخۆشی بە گژو گیای پزیشکی. بۆیە پێویستە لەژێر دەرمانە گیاییە هاوردەکان تۆمار بکرێن و مۆڵەتیان پێ بدرێت، لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێژنەی تەندروستی.
تێبینی // هیچ بەرهەم و دەرمانێکی گیایی مەکڕن، کە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەفرۆشرێت یان ئەو کەسەی کەنایناسیت، نازانیت کێیە، تا دوای ئەوەی پشتڕاستی دەکەنەوە ئایا پسپۆڕ و شارەزایە لەبواری دەرمانی گیایی، یان دەبێت دەرمانی گیایی بەفلتەری کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە داخل کرابێت و ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەربێ بۆ دڵنیابوون لەوەی دەرمانەکە قاچاغ و نامۆ نیە.
ئەو خەڵکانەی پسپۆڕ و شارەزای بواری دەرمانی گیایین، گیراوە و تێکەڵەکانیان، بەکەپسول یان بەقوتو یان بەهەر جۆرێک بێت، دەبێ لەلایەن حکومەت و وەزارەتی تەندروستی ڕێگەیان پێ بدرێت و یاسایەک بەو بوارە دەربچێت، بۆ ڕێکخستنەوە و دروستکردن و بەرهەم هێنانی دەرمانی گیایی. دەبێ بە فلتەری لێژنەی فەرمی تەندروستی حکومەت تێپەڕبێ و هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ بکرێت، وە دەبێ حکومەت لەڕێگەی لێژنەکانی تەندروستی چاودێری وردی شوێنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی بکات. ئەگەرنا بەشێکی هەرە زۆری دەرمانی گیانی کەدروستی دەکەن و بەرهەم دێت ناتەندروستە، چونکە بۆ پارە خەڵکانێک دەستیان داوەتە ئەم بوارە کەزۆریش هەستیارە، هەموو کەسێک پسپۆڕ و شارەزا نیە، تابتوانێ گیراوە و تێکەڵە ئامادە بکات بیدات بەنەخۆش، ئەو کات ژیانی ئەو خەڵکانە دەکەوێتە مەترسیەوە کەبەشێوازێکی زانستی و تەندروست بەرهەم نەیەت.
































































