نووسین و گێڕانەوەی: کرێکار قادر ڕوستایی
ڕۆژێک لە ڕۆژان، لەگەڵ هاوڕێکم بەناوی«محەمەد» لە شاری هەولێرەوە بەرەو شاری سلێمانی ڕێککەوتین. مەبەستمان تێڕامان بوو لە دنیای پڕ لە پەیام و زانیاریی پێشانگای کتێب، کە لە (کارگەی جگەرە) کرابووەوە. کاتێک گەیشتینە شوێنی مەبەست، لە پڕدا محەمەدی هاوڕێم بە نائارامییەوە وتی: «برا گیان، پێویستیم بە توالێتە، دەمەوێت میز بکەم!»
کاک محەمەد لەنێوە ڕاستی دەرگای پێشەنگایەکەدا کە بە هیچ شێوازێک مامۆستا تەڵعەت تاهیری نەدەناسی، ڕووی کردە پیاوێک کە لە نزیک کتێب فرۆشێک وەستابوو، بە بێئاگایی لە گەورەییی کەسایەتییەکەی، بەسادەیی لێی پرسی: «برا، بە ئەرک نەبێ، توالێت لەکوێیە؟»
ئەو پیاوە خاکی و هێمن و بەڕێزەی بەرامبەری، کە کەس نەبوو جگە لە نوسەر و شاعیری ناسراو مامۆستا «تەڵعەت تاهیر»، بێ ئەوەی یەک چرکە دوودڵ بێت یان خۆی بە گەورە بزانێت، بە ڕووخسارێکی گەشاوە و دەستپێشخەرییەکی مرۆڤدۆستانەوە وتی: «وەرن، لەگەڵم بڕۆن تا خۆم شوێنەکەتان نیشان بدەم.»
ڕێگاکە دوو خولەک و نیوێک دەبوو، مامۆستا خۆی لە پێشەوە ڕێگەی گرتە بەر و تا سەر شوێنەکەی پێ نیشانداین. پاشان بەڕێزەوە وتی: «ئێرەیە، بڕۆن و منیش لێرە لە بەردەرگا چاوەڕێتان دەکەم تا پێکەوە دەچینە ژوورەوە بۆ ناو پێشانگاکە.»
کاک موحەمەد چووە تواڵێت و منیش لەگەڵ مامۆستا مامەوە لەپێش دەرگا مامەوە، من وەک «کرێکار» پێم گوت «مامۆستا گیان بەخوا نابێت، زۆر خەجالەتین کە تۆمان ئەوەندە عەزیەت دا، فەرموو تۆ بڕۆ ئێمە کەمێکی تر دێینە ژوورەوە.»
بەڵام مامۆستا تەڵعەت سەرەتا سوور بوو لەسەر ئەوەی چاوەڕێمان بکات. بەڵام من لەبەر خەجالەتی خۆم، بە زۆر وام لێکرد و بە هەر جۆرێک بوو مامۆستا تەڵعەت تاهیرمان ڕازی کرد کە نەوەستێت و ڕۆشت.
ئەوەی لەم بەسەرهاتەدا مایەی سەرسووڕمان و پێزانین بوو، ئەوەیە کە مامۆستا تەڵعەت تاهیر گوێی بەوە نەدا کە ئەو نوسەر و شاعیرێکی ناسراوی ئەم نیشتمانەیە، بەڵکو بێ ئەوەی تەنانەت لە نزیکەوە بماناسێت و تێکەڵی بین، وەک برایەکی دڵسۆز دەستی گرتبووین و جوانترین وێنەی مرۆڤدۆستی و خاکڕایی پێشکەش کردین. مرۆڤە ڕاستەقینەکان هەمیشە لە لووتکەی سادەییدا گەورەن.


































































