زاری کرمانجی :
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی خولی 31ـەمینی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا سێ هەزار و 98 خوێندکار لە 20 کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە بڕوانامەی دەرچوون بەدەستدەهێنن.
مەسرور بارزانی لە ئاهەنگەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: چاکسازی زۆر لە زانکۆی دهۆک کراوە و سوپاسی سەرۆکایەتیی زانکۆکەکە دەکەم، هەروەها سوپاسی تەواوی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابییان دەکەم، زانست شتێکی باشە بەڵام بەبێ خۆشەویستی بۆ وڵات تەواو نییە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، هیوادارم ئێوە چەند بخوێنن و بخوێننەوە تێکەڵ بە خۆشەویستی وڵاتی بکەن، رێگە بە هیچ کەسێک نەدەن ئێوە بی هیوا بکات، ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین و خاک و وڵات و دەستکەوتەکانمان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و ماندووبونی شەهیدەکانمانە کە زۆرێک لەوان کەسوکاری ئێوەن.
گوتیشی: بۆ بەرز راگرتنی خوێنی شەهیدەکانمان و قوربانیدانی پێشمەرگە پێویستە وڵات و دەستکەوتەکانمان بپارێزین و لێرە بەدوای ئەم ئەرکە دەکەویتە ئەستۆی ئێوە، جیا لە خۆشەویستی وڵات پێویستە بیپارێزن، هەروەها پێویستە ژینگەی وڵاتەکەشمان بپارێزین، چونکە پاراستنی ژینگەکەمان، دەبیتە هۆی دروستبوونی وڵاتێکی تەندروست و ئاوەدان؛ هەروەها دەبێتە هۆی ئاوەدانی و تەندروستی بۆ نەوەکانی داهاتووش.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، دەزانم ئێوە دەتانەوێت لە کۆمەڵگادا رۆڵتان هەبێت و خزمەتی زیاتری وڵاتەکەتان بکەن، هیچ وڵاتێک لە جیهان دروست نەبووە بەبێ ئەوەی رۆڵەکانیان زەحمەتیان نەکێشابێت، هەروەها کەسیش لە دەرەوەی وڵاتەکەیان نەهاتووە خزمەتیان بکات، بەڵکو بڕیاری خۆیان بووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان، ئێوە دەتوانن وڵاتەکەتان زیاتر ئاوەدان بکەنەوە و بەرەوپێشەوەی ببەن، لەسەر حکوومەتە هاوکاری ئێوە بکات و دەرفەتی کارتان بۆ بڕەخسێنێت.
گوتیشی: بەداخەوە ئەم پێشکەوتنەی ئێوە لە هەرێمی کوردستان دەبینن بەبێ زەحمەتی نەبووە و زۆر رێگریمان لێ کراوە ئەگەر نا لە قۆناخێکی زۆر پێشکەووتووتر دەبووین، ناحەزەکانمان چاویان بە پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایێت، هەوڵیانداوە رێگە نەدەن ئێمە پێشبکەوین، بەڵام خۆڕاگری ئێوە و قوربانیدانی پێشمەرگە بووەتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری وڵاتەکەمان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ دابمەزرێنین، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2013وە حکوومەتی فیدراڵی رێگەی نەداوە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت
هەروەها گوتیشی: هەموو ئەو پرۆژانەی لێرە جێبەجێکراون رەنجی ماندووبوونی ئێوەیە، کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی توانیمانە هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش و پێشکەوتنی زیاتر دروستبکەین و رێگەنەدەین هیچ رێگرییەک بمانوەستێنێت، لەگەڵ حکوومەتی عێراق کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەرچووانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین، بەڵام ئەوە بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە لە کەرتی تایبەت هەلیکاری زیاتر بڕەخسێنێت، هاوکاری کەرتی تایبەت دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی کاری زیاتر بۆ ئێوە بڕەخسێنیت و زیاتر بچێتە پێش.
ئاماژەشی دا، ئەمە پەیمانێکە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەیەکەوە هاوکاری یەکتربین، ئێوە چەندە چاوەڕوانی ئێمەن، ئێمەش ئەوندە چاوەڕوانی زەحمەتی ئێوەین و پاڵپشتی ئێوەین، حکوومەت بەشێکە لە ئێوە، ئێوە حکوومەت پێکدەهێنن و لە حکوومەتەکانی داهاتوو ئێوەی تێدادەبێت، ئێوە ولاتەکەتان دەگەیەنە ئەو ئاست و قۆناخەی کە ئێوە دەتانەوێت، ئێمە نە ماندوودەبین و نە بێ هیوا دەبین
لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ حکوومەتی ئێستای عێراق هەنگاوەکانمان زیاتر دەچێتە پێش و پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باش دایە و بەرەو چارەسەری دەڕۆن، پشتیوانی خۆمان بۆ حکوومەتی ئێستا ڕاگەیاندووە و مەرجی ئێمە بۆ پشتیوانیی بەردەوام جێبەجێکردنی دەستوورە و جێبەجێکردنی هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
راشیگەیاند، ئێمە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لەسەر داواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەر بوار و کاتێک بێت، بەشێک لەو کێشانەی هەبوون چارەسەرکراون و هەروەها بەشێکی زۆریشیان ماون، بەڵام بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی: لەو چەند رۆژەی رابردوو بینیتان هێزەکانی هاوپەیمانان کۆتاییان بە ئەرکەکانیان هێنا، وەک ئەرکی هاوپەیمانییەتی دژ بە داعش، بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسیان دەکەین بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنیان.

































































