زاری كرمانجی
ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بڵاوی كردەوە: “بە ئامادەبوونی مامۆستا عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ماڵی ئازیزان و بێهاوژینانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مامۆستا دڵشاد جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر، مامۆستا لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و و ژمارەیەکلە مامۆستایان و ڕاهێنەران، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی وەرزشی و هونەری بۆ ئازیزان، لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 14/10/2026 لە هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەگەرچی وەک لە ڕێوڕەسمەکەدا باس کرا، خولەکە خولێکی ماوەکورت بووە، بەڵام ئەنجامی باش و بەرچاوی هەبووە. ئەم خولە بە هاوبەشیی نێوان کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بوارەکانی مەلەوانی، تایکواندۆ، مۆسیقا و شەتڕەنج بۆ منداڵانی ئازیز کرایەوە. خولەکە هەنگاوێک بوو بۆ پشتگیریکردن لە تواناکانی منداڵان، پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیان و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی خولەکەدا، بە مەبەستی دەستخۆشیکردن و ڕێزلێنان لە ماندووبوون و بەشداریی ڕاهێنەران و بەشداربووان، بڕوانامەی سوپاس و پێزانین پێشکەش بە ڕاهێنەران و بەشداربووانی خولەکە کرا. هەروەها سەبەتەی خۆراک بەسەر 40 منداڵی ئازیز دابەش کرا، کە لە خولەکە بەشدار بوون.
لەو ڕێوڕەسمەدا، مامۆستا عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ماڵی ئازیزان و بێهاوژینانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وتاری دەزگای پێشکەش کرد. هەروەها ڕەوشت حەمدئەمین، جێگری بەرپرسی نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێگەی پڕۆگرام و چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە، بەردەوامە لە پشتگیریکردنی منداڵانی ئازیز و دروستکردنی دەرفەتی گونجاو بۆ گەشەپێدانی تواناکان، دەرخستنی بەهرەکان و بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوونیان.


































































