ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1,200 کەیسی نوێی بێسەروشوێنبوون لە عێراق تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەدا چارەنووسی 517 کەس لەو بێسەروشوێنبووانە دیاریکراوە.
چیا عەلی عەزیز، جێگری سەرۆکی نووسینگەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، جەختی کردەوە کە بێسەروشوێنبوونی کەسێک تەنها زیانێکی دەروونی بۆ خێزانەکەی دروست ناکات، بەڵکو کاریگەرییەکانی تا ژیانی ئابووری و یاسایی خێزانەکەش دەگات.
ئەو وتی زۆرێک لە ژنانی ئەو خێزانانەی هاوسەرەکانیان بێسەروشوێنن، ناچار بوونە ببنە سەرپەرشتیاری خێزان و دابینکەری بژێوی ژیان، لەگەڵ ئەوەی بە تەنیا بەرپرسیاریەتیی پەروەردە و چاودێریی منداڵەکانیانیش لە ئەستۆ دەگرن.
بەپێی داتا و ئامارەکانی خاچی سوور، لە ساڵی 2025دا 1,200 کەیسی بێسەروشوێنبوون گەیشتووەتە رێکخراوەکە و توانراوە لە هەمان ساڵدا چارەنووسی 517 کەس ڕوون بکرێتەوە. بەرپرسی رێکخراوەکە هەروەها ئاماژەی بەه بارودۆخی دەروونیی خێزانەکانی بێسەروشوێنبووان کرد و گوتی، بەپێی ئەو چاوپێکەوتنانەی رێکخراوەکە ئەنجامی داوە، 93%ی خێزانەکان تووشی کێشەی دەروونی بوونەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی نادیاریی چارەنووسی کەسوکاریانەوەیە.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی خاچی سوور لە ساڵی 2025دا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هەمەلایەنە، یارمەتیی 794 خێزانی بێسەروشوێنبووی پێشکەش کردووە. ئەم خێزانانە لە ناوچەکانی شنگال، تەلەعفەر، سەقڵاوییە، باکووری بابل و هەندێک ناوچەی دیکە بوون.
ئامانجی ئەم هاوکارییە یارمەتیدانی خێزانەکانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و کارگێڕییەکان، هەروەها پشتیوانییان لە دابینکردنی بژێوی ژیان. چیا عەلی عەزیز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە بەرپرسیاریی سەرەکیی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان و دیاریکردنی چارەنووسیان لە ئەستۆی دەوڵەتە، چونکە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە هەماهەنگیی دامەزراوەکان و چوارچێوەیەکی یاساییی بەهێز هەیە.
ئەو هەروەها گوتی کێشەی بێسەروشوێنبووان لە عێراق دەبێتە بابەتێکی نیشتمانی و پێویستە هەموو لایەنەکان، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و سیاسی، پشتگیریی خێزانەکانی بێسەروشوێنبووان بکەن. لە هەمان پەیوەندییەدا و بەبۆنەی رۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کە هەموو ساڵێک لە 30ی ئابدا یاد دەکرێتەوە، بەرپرسی خاچی سوور پەیامێکی ئاراستەی خێزانەکان کرد.
چیا عەلی عەزیز بە خێزانەکان گوت: «مافی ئێوەیە پرسیار بکەن و مافی ئێوەیە بزانن؛ تێپەڕبوونی کات نابێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرنگیی ئەم پرسە.»
رۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بۆ تیشکخستنە سەر بارودۆخی خێزانەکانی ئەو کەسانە دیاری کراوە کە لە کاتی ململانێ و شەڕەکاندا بێسەروشوێن کراون. ئەم بابەتە بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی مرۆییی تایبەتی هەیە، چونکە هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بێسەروشوێنبوو دیاری نەکراوە.

































































