شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی:
ڕاپۆرتێكی نوێ كە لە American Journal of Clinical Nutrition بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە ڕێنماییەكانی كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن پێویستە زیاتر لەسەر زیادكردنی وەرگرتنی پۆتاسیۆم بێت، لەگەڵ كەمكردنەوەی سۆدیۆم. چونكە ڕۆڵیان هەیە لە ڕێكخستنی هاوسەنگی شلە و كاركردنی خوێنبەرەكان. زۆری سۆدیۆم دەبێتە هۆی ڕاگرتنی ئاو و زیادكردنی فشار لەسەر دیواری خوێنبەرەكان، لەكاتێكدا پۆتاسیۆم یارمەتی دەرهێنانی سۆدیۆمی زیادە و ئارامكردنەوەی خوێنبەرەكان دەدات.
شارەزایان ڕێنمایی دەدەن كە پێویستییەكانی لەش بۆ پۆتاسیۆم بە باشترین شێوە لە ڕێگەی خۆراكە سروشتییەكانەوە دابین بكرێت، نەك خواردنی تەواوكەرە خۆراكەكان وەك: پەتاتەی كوڵاو بە پێستەوە, سەلەمۆن, سپێناخی كوڵاو,گندۆرە, شیر, فاسولیا, نیسك, ماستی سادە, مۆز، بەڵام ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە، سستبوونی دڵ، یان بەرزبوونەوەی ئاستی پۆتاسیۆم لە خوێندا، پێویستە پێش زیادكردنی وەرگرتنی پۆتاسیۆم، ڕاوێژ بە پزیشك یان پسپۆڕی خۆراك بكەن.
































































