ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی دیموكرات (پەیەدە) رۆڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک بارزانی لە راوەستاندنی شەڕەکە و راگەیاندنی رێكکەوتنەکە بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە دا “هیوادارم پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن و کار بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی بکات بە بەشداریی هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکان.”
بەرپرسەکەی پەیەدە باسی لەوەش کرد، ساڵی رابردوو، بە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا لە قامشلۆ بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا شاندێکی هاوبەشی دانوستانکار پێکهێنراوە و بەمزووانە دەچێتە دیمەشق بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا.


































































