مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

پۆلیسی هەرێمی كوردستان مامەڵەكردنی بە ئامێری ‘جی پی ئێس’ قەدەغەكرد و ڕایدەگەیەنێت “هەر كەسێك كڕین و فرۆشتن ‘بە جی پی ئێس’ بكات بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەكرێت.”
كارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “بە گوێڕەی ماددەكانی 25 و 26ی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە بەشی پەیوەندی و زانیارییەكان، هەر كەسێك كڕین و فرۆشتن ‘بە جی پی ئێس’ بكات، بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەكرێت،”
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ‘جی پی ئێس’ وەك ئامێرێكی چاودێری ناسێنراوە، بۆیە هاوردەكردن، كڕین و فرۆشتنی دەبێت لەژێر چاودێری و ڕێنمایییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بێت و مامەڵەكردنی بە ئۆنلاین قەدەغەیە.
گوتەبێژەكەی پۆلیس ئاماژە بەوەش دەكات كە هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان ئەمە نەبووەتە دیاردە، بەڵام هەر كەسێك سكاڵای هەبێت بەدواداچوونی ورد بۆ كەیسەكەی دەكەن.
بەپێی ئامارەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ساڵی ڕابردوو سێ هەزار و 283 سكاڵا لەسەر تاوانی ئەلیكترۆنی تۆماركراون، كە زۆربەی سكاڵاكان یەكلایی كراونەتەوە.

































































