زاری كرمانجی – سۆران :
سكرتێری ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕاگەیاند: پێویستە كاری میدیای ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان ڕێك بخرێت و وێب سایت و سۆشیال میدیاكان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان تۆمار بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت داكۆكیان لێ بكرێت.
هەندرێن ئەحمەد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025 راگەیاند “یاسای ژمارە(35)ـی ساڵی 2007 كە سنوورەكانی ئازادی فراوان كردبوو، پێویستە لەسەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بەرەوپێشچوونی میدیای ئەلیكترۆنی و میدیای دیجیتاڵی، هەمووار بكرێتەوە، هەموواركردنەوەكەش ڕێڕەوی یاسایی خۆی هەیە و لە ئێستادا دەبێت لایەنێكی دیكە شوێنی پەرلەمان بۆ ئەوە بگرێتەوە، لەوبارەوە ئەنجوومەنی شورا لە 2016 -2017 فەتوایەكی لەبارەی ڕێكخستنی كاری دیجیتاڵ میدیا بەشێوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان دەركرد بۆ ئەوەی لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان تۆمار بكرێن، دەڵێت: ئەم هەنگاوە هاوكار دەبێت لەوەی كاری میدیا ئەلیكترۆنییەكان ڕێك بخرێن.”
لە بارەی سۆشیال میدیاوە، سكرتێری ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێ “سۆشیال میدیا پێویستی بە یاسای تایبەت و هاوكار هەیە، نامانەوێت یاسایەك دەربكەین ئازادی میدیایی تەسك بكەینەوە، بەڵكو دەمانەوێت كاری میدیای دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا ڕێك بخەین، چونكە بەو شێوازەی ئێستای كاركردن، سۆشیال میدیا زیان بە تاكی كوردستان و ژیانی تایبەتی هەر كەسێك دەگەیەنێت.”
باس لەوەش دەكات “ئێمە كە فەتوای ئەوەمان هەیە وێب سایت و میدیای دیجیتاڵی تۆمار دەكەین، ئاگەداری هەموو لایەنەكانمان كردووەتەوە بێن خۆیان تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی وەرگرن، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا لە دادگاكان داكۆكیان لێ بكرێت، هاوكات ڕۆژنامەنووسان بچنە شوێنی ڕووداو و چالاكییە فەرمییەكان، بۆیە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیا بە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی یاسای كاری ڕۆژنامەوانیی پەباند دەكات، بەم شێوەیە ڕۆژنامەنووس جیاوازیی نابێت ئەگەر لە سۆشیال میدیا كار بكات، یاخود ڕۆژنامە و گۆڤار.”
هەندرێن ئەحمەد جەخت لەوەش دەكاتەوە”پێوەرێكی دیكەی ڕێكخستنی كاری سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیا ئەوەیە، پێویستە سەرچاوەی داراییان دیار بێت، بارەگاكانیان شوێنیان ئاشكرا بێت، خاوەنی ئیمتیازەكانیان ناسراو بن، سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانیان لەگەڵ ئەوانەدا بناسێنرێن، لەگەڵ چەند پێوەرێكی دیكە، بەم شێوەیە لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان تۆمار دەكرێن.”
ئاماژە بەوەش دەكات “سایت و سۆشیال میدیای نادروست هەن لە كوردستان هەواڵ و زانیاری نا دروست بڵاو دەكەنەوە، بەڵام ئەوانەی هەواڵ و زانیاری دروست بڵاودەكەنەوە، خۆیان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان تۆماركردووە.”
لە هەرێمی كوردستان 1600 دەزگای ڕاگەیاندن و زیاتر لە 150 كەناڵی تەلەڤزیۆنی كە 30 لەو كەناڵانە ئاسمانین، هەن، بەشێوەیەك، 127 كەناڵی ناوخۆیی، 70 كەناڵی ناوخۆی شارەكان، 50 كەناڵی سەرتاسەری شارەكان و 176 ڕادیۆ هەن.
لەگەڵ ئەوەش 121 ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی و 988 ڕۆژنامە و گۆڤار هەن و لەچوارچێوەی كاری ڕۆژنامەنووسیدا كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا 8 هەزار ڕۆژنامەنووس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان تۆمار كراون و ئێستا ئەندامی ئەم سەندیكایەن، لەو ژمارەیەدا 800 ئافرەتی ڕۆژنامەنووس هەن، 15 ئافرەتیان خاوەن ئیمتیازن، 17 ئافرەتی دیكە سەرنووسەری ڕۆژنامەن، 13ـی دیكەیان خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕن، 8 ئافرەتیش سەرنووسەری ماڵپەڕن.

































































