چالاکییە شاراوەکانی مۆساد لە ئێران بەردەوامە و ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ بێ كاریگەر كردنی هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە

ناوەندی قودس بۆ ئاسایش و کاروباری دەرەوە، بە ئاماژەدان بەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی “گرژیی نێوان هەردوو وڵاتی کەم نەکردۆتەوە”، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: بە نهێنی ئامادەکارییە سەربازییەکان لە لایەن هەر دوو وڵاتەوە بەردەوامن و ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە.
بە پێی زانیارییەكانی نێو ئەم ڕاپۆرتە، ڕێبەرانی سیاسی ئیسرائیل پێیان وایە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی “ململانێیەکی درێژخایەنە”.
بەپێی ناوەندی قودس بۆ ئاسایش و کاروباری دەرەوە، “هیچ کەناڵێکی فەرمی و میکانیزمێکی چاودێری و متمانەیان بە یەکتر نییە، “هەردوولا خۆیان بۆ خولی داهاتووی ململانێکان ئامادە دەکەن و تەنها یەک هەڵە – وەک تیرۆرکردنی کەسایەتییەکی باڵا یا هێرشێکی ئەلیکترۆنی – دەتوانێت بڵێسەی شەڕ هەڵبگیرسێنێتەوە”.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل دەکات، هەروەها “دانوستانی پێشکەوتوو بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆکەی جەنگی لە چین” لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، هەروەها لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە دەڵێن: “ئێران بەنیازە هێرشێکی لەناکاوی پێشوەختە دژی ئیسرائیل ئەنجامبدات”.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، “ئەگەری هەیە هێرشێکی لەناکاوی ئێران لەم هەلومەرجەی خوارەوەدا ڕووبدات: چەقبەستن یا لاوازی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا (بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا)، نیشانەکانی دابەشبوونی قووڵی ناوخۆیی لە ئیسرائیل (قەیرانی سیاسی یان ئەمنی)، هەروەها متمانەی ئێران بە توانای گەیشتن بە سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە و گەڕاندنەوەی خۆپارێزی.
بەگوێرەی ئەو ناوەندە، “کردەوەیەکی لەو شێوەیە بۆ ئێران زۆر مەترسیدار دەبێت، بەو پێیەی ئیسرائیل بە هێزێکی وێرانکەر لەسەر خاکی ئێران وەڵامی دەداتەوە”.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە هاتووە: چالاکییە شاراوەکانی مۆساد لە ئێران بەردەوامە و ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ بێ كاریگەر كردنی هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە.

































































