ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە دوو بەرپرسی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕابردوودا مینی دەریاییان لە کەشتییەکاندا لە کەنداوی فارس بارکردووە، هەنگاوێک کە نیگەرانییەکانی لە واشنتۆنی هێنایە ئاراوە کە ڕەنگە تاران خۆی ئامادە بکات بۆ داخستنی گەرووی هورمز دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرا نەکرێت قسەیان کردووە، ئەم ئامادەکارییانە کە پێشتر ڕاپۆرت نەکرابوون، ماوەیەک دوای هێرشە مووشەکییە سەرەتاییەکەی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران ڕوویانداوە و لەلایەن هەواڵگریی ئەمریکاوە دەستنیشان کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە تا ئێستا ئەو مینانە لە گەرووی هورمز جێگیر نەکراون، بەڵام بارکردنیان ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە تاران بە جددی بیر لە داخستنی یەکێک لە قەرەباڵغترین هێڵەکانی کەشتیوانییەکانی جیهان بکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە ململانێکان پەرەپێبدات و زیانێکی زۆر بە بازرگانی جیهانی بگەیەنێت. ئەو ئاژانسە هەواڵییە نووسیویەتی کە لە کاتی شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا نەیتوانیوە کاتی بارکردنی مینەکان بە وردی دیاری بکات.

































































