محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
تەمەنی بچوك دەبێت لە رێگەی پێنووسەكەی دەست بە وێنە كێشان دەكات و ئەو حەزەی گەشە دەكات و تا خۆی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان دەبینێتەوە، پەیام رزگار ئەحمەد، خەڵكی شاری رواندەزە ئەو شارەی خاوەن دەیان هونەرمەند و ئەدەب دۆستە، پەیام قوتابی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی رواندزە بەشی شێوەكاری لە قۆناغی چوار، لە دیدارێكی زاری كرمانجی باس ئەزموونی كارەكەی و ئاواتەكانی دەكات دوای تەواوكردنی خوێندن، پەیام رزگار، سەرەتای قسەكانی لەو تەمەن دەست پێدەكات كە تەنیا حەوت بەهار بووە دەڵێ” لە منداڵیەوە دەستی وێنە كێشانم هەبووە حەزێكی زۆرم هەیە بۆ هونەر بەهەموو بەشەكانییەوە، بەتایبەتی وێنە كێشان هەر بۆیەش بڕیارم دا لەم بوارەدا بخوێنم و چوومە پەیمانگای هونەرەجوانەكان تا پەرە بەبوارەكەی خۆم بدەم”.
پەیام دیەوێت لە رێگەی پیشەكەی خزمەت بە وڵاتەكەی بكات و باس لەو ئاواتەش دەكات لە دوای تەواوكردنی خوێندن، وەك خۆی گووتی” بۆیە چوومەتە هونەرەجوانەكان تا لەو رێگەییە چەندین پەیامی جوان و خزمەتكردنی شارو وڵاتەكەم پێشكەش بە تاكەكانی نیشتمان بكەم و ئاواتیشم ئەوەیە لەدوای تەواوكردنی پەیمانگە لەقۆناغەكانی داهاتووی خوێندن زیاتر پەرە بەوێنە كێشان بدەم، لەبەر ئەوەی ئەم هونەرە لەگەڵ خوێن تێكەڵم بووە ناتوانم دەستبەرداری بم”.
پەیام رزگار، بۆ چوونی خۆی لەسەر ئەو دەنگۆیانە دەربڕی كە باس لەوە دەكرێت هونەری وێنەكێشان حەرامە، رایگەیاند” منیش زۆر گوێم لەو قسەیە دەبێت سێرجێكم كردووە هیچ دەقێكی ئاینی نیە كە بڵێت ئەم هونەرە حەرامە بۆیە ئەمەی دەگووترێت لە كۆنەوە قسەیەك بووە و تا ئێستاش كاریگەری لەسەر مرۆڤ ماوە، هونەری وێنە كێشان لەگەڵ هونەرەكانی تر جیاوازە بۆ نموونە لەسەر دەمانی زوو هونەر بەمەبەستی هونەر بەكار نەهاتووە بەڵكو هونەریان بەمەستی سەحرو جادوو پەیكەرەكانیشیان بەمەبەسی پەرەستن بەكار هێناوە بێگوومان ئەمە گوناحێكی گەورەیە چونكە بووەتە هاوبەشی بۆخودای گەورە، خۆشبەختانە لەئێستادا هونەر وەكو خۆی بەكار دێت بەمەبەستی جوان كاری و گەیاندنی پەیامی مانادار و گرنگ، هیودارم هەموو ئەوانەی بەهرەیەكیان هەیە گرنگی پێ بدەن و خزمەتێكی وڵاتی خۆیانی پێ بكەن.