عەبدوڵسەلام ئیسماعیل سادق
بەسەرپەرشتی : م. چاوەڕێ نیعمەت صاڵح
ئەنتیگۆنە یەكێكە لە شاكارە مەزنەكانی مێژووی ئەدەب، لە لایەن گەورە نووسەری یۆنانی (سۆفۆكلیس)ەوە لە (٤٤١)پ.ز نووسراوە، لە لایەن (یان ستۆڵپە و لاش_ هۆكان سڤێنسۆن) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی سوێدی، دواتر بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕانی بۆ كراوە لە لایەن (خەبات عارف)، چاپی یەكەمی لە ساڵی 2017 دا بڵاو كرایەوە لە گۆڤاری كەلێن. سۆفۆكلیس شانۆنامەنووس بووە و 123 بەرهەمی شانۆیی نووسیوە، بە نزیكەیی (١١٠) بەرهەمی تەنیا ناونیشانەكەی ماوە و دەقەكانی فەوتاون، ئەو بەرهەمانەی كە نەفەوتاون و بە تەواوی ماون، حەوت بەرهەمن بە ناوەكانی (ئۆدیپی پاشا، ئەنتیگۆنە، ئەلكترا، ئەیاس، ئافرەتانی ترافیس، ئۆدیپ لە كۆلۆنوس، پەنجەكان).
كارەكتەرانی ئەو بەرهەمە تراژیدییە:
(ئەنتیگۆنە، ئیسمێنە، كۆرسی بەیتبێژانی پیرانی تێبە، كریۆن، پاسەوان، هایمۆن، تێیرێسیاس، پەیك، ئێوریودیكە).
ئیۆكاستە ژنی (لایۆس)ە، ئەو دووانە منداڵییان نابێت، ناچار دەبن بچن بۆ لای غەیبگۆیەك، سەرەنجام دەڕۆن بۆ لای (ئوراكل)ی غەیبگۆ، پێی دەڵێن ئێمە منداڵمان نابێت، (ئوراكل)یش وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت: ئەگەر لایۆس كوڕێكی ببێت، ئەوا ئەو كوڕە (لایۆس)ی باوكی دەكوژێت و لەگەڵ (ئیۆكاستە)ی دایكی هاوسەرگیری دەكەن و منداڵ دەخەنەوە. لایۆس بەم باسە زۆر دەترسێت و خۆی بە دوور دەگرێت لە منداڵ دروستكردن، بەڵام جارێكیان لایۆس مەست دەبێت و ئاگای لە خۆی نابێت و ئیۆكاستە سكپڕ دەكات، دواتر منداڵێكی كوڕییان دەبێت هەر وەكوو پێشبینی غەیبگۆكە، بۆیە بڕیار دەدەن ئەو منداڵە بكوژن، ئەو كارەش بە شوانێك دەسپێرن و داوای لێ دەكەن دوای كوشتنی، لاشەكەی بخاتە بەردەم گیانلەبەرە دڕندەكانی چیای (كیتهایرۆن)، شوانەكە سەرەتا ویستی ئەو كارە ئەنجام بدات بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە لەو كارە و منداڵەكە دەدات بە شوانێكی خەڵكی (كۆرینت) و ئەویش منداڵەكە دەدات بە شا و شاژنێكی بێ منداڵ، ئەو منداڵەش ناوی (ئۆیدیپوس)ە.
ئۆیدیپوس هەر لەوێ گەورە دەبێت، دواتر دەزانێت ئەوانە دایك و باوكی ڕاستەقینەی ئەو نین، بۆیە دەچێتە لای (ئوراكل)ی غەیبگۆ، ئوراكل تەنیا پێی دەڵێت تۆ باوكت دەكوژیت و لەگەڵ دایكت هاوسەرگیری دەكەیت و منداڵ دەخەیتەوە، ئۆیدیپوس لەبەر ئەو قسانە ئەو شوێنە جێ دەهێڵێت و هەڵدێت. ڕۆژگار تێپەڕ دەبێت و (ئۆیدیپوس) لەگەڵ ڕێبوارێك لێی دەبێت بە دەمەقاڵێ لە دووڕێیانێك لەسەر ڕێ چۆڵ كردن، سەرەنجام دەبێت بە شەڕ و ئۆیدیپوس ڕێبوارەكە دەكوژێت (كە باوكی خۆیەتی) بەڵام ئەو نازانێت باوكی خۆی كوشتووە.
ئینجا ئۆیدیپوس دەچێت بۆ (تێبە) و لەوێ كەسێك دەبینێت ناوی (سفینیكس)ە، ئەو كەسە خەڵك دەكوژێت بە هۆی ئەوەی ناتوانن مەتەڵێك هەڵبهێنن، (ئۆیدیپوس)یش توانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنێت ئەو كەسە بكوژێت، ئینجا هەر لە (تێبە) نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە پاشا و (ئیۆكاستە)ی بێوەژن مارە دەكات كە (نازانێت دایكی خۆیەتی)و چوار منداڵیشییان دەبێت دوو كوڕ و دوو كچ بە ناوەكانی (ئێیۆكلێس و پۆلیونێیكێس و ئەنتیگۆنە و ئیسمێنە). بە تێپەڕبوونی كات نەخۆشی لا ڕەشە لە تێبە بڵاو دەبێتەوە و خەڵكیش نازانن هۆكارەكەی چییە، ئیتر بەدوای هۆكارەكەی دەگەڕێن، لەو كاتەدا غەیبگۆكە پەیدا دەبێت و دەڵێت تا تۆڵەی كوژرانی (لایۆس) نەكرێتەوە ئەو نەفرەتییە لەسەر تێبە لاناچێت، ئینجا دوای گەڕانێكی زۆر سەرەنجام (ئۆیدیپوس) دەزانێت خۆی بكوژی باوكییەتی و نا خود ئاگا دایكی خۆیشی مارە كردووە، بۆیە هەردووك چاوی خۆی دەردەهێنێت و دایكیشی (ئیۆكاستە) بەرگەی ئەو شتە ناگرێت و خۆی دەكوژێت.
دواتر (ئێتیۆكلێس و پۆلیونێیكێس) سووكایەتی بە باوكە كوێرەكەیان (ئۆیدیپوس) دەكەن، ئەویش نەفرەتییان لێ دەكات، بەهۆی نەفرەتەكەوە لێیان دەبێت بە كێشە لەبەر تەختی پاشایەتی، بۆیە بڕیار دەدەن هەر ساڵێ یەكێكیان ببێتە پاشا، (ئێتیۆكلێس) ساڵی یەكەم دەبێتە پاشا، كە وادەكەی تەواو دەبێت واز لە پاشایەتی ناهێنێت و (پۆلیونێیكێس) لە تێبە دەكاتە دەرەوە، ئەویش دەچێتە ئارگۆس بۆ لای پاشا (ئەدریاستۆس)، پاش ماوەیەك كچەكەی ئەو دەهێنێت كە ناوی (ئارگێیا)یە، بە واستەی ئەوەوە ئەدریاستۆس ڕازی دەكات بەوەی هێرش بكەنە سەر تێبە، سەرەنجام هێرش دەكەن و لە شەڕەكەدا هەردوو براكە ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و یەكتر دەكوژن. دوای جەنگەكە، خاڵیان (كریۆن) بڕیار دەدات لاشەی (ئێتیۆكلێس) بە ڕێزەوە بنێژرێت و لاشەی (پۆلیۆنێیكێس) نەنێژرێت و ببێتە خۆراكی باڵندەكان، بە هۆی ئەوەی خیانەتی لە وڵات كردووە.
ئەنتیگۆنە بەو بڕیارەی خاڵی دەزانێت و خۆی بۆ ناگیرێت لەگەڵ خوشكی (ئیسمێنە) قسە دەكات سەبارەت بەو بڕیارە، داوای لێ دەكات كە لەگەڵی بێت بۆ ناشتنی تەرمی براكەیان، بەڵام ئیسمێنە ڕازی نابێت، بۆیە ناچار خۆی بە تەنیا ڕۆیشت بۆ ناشتنی و لە كاتی خۆڵ بەسەردا كردنی لاشەكە، لە لایەن پاسەوانەكان دەستگیر كرا و خرایە بەردەم (كریۆن)ی خاڵی. دوای دان پێ دانان، (كریۆن) بڕیار دەدات (ئەنتیگۆنە) لە ئەشكەوتێك بە زیندوویی بشاردرێتەوە، دواتر كوڕەكەی كریۆن ناوی (هایمۆن)ە و مێردی (ئەنتیگۆنە)یە، كە بەمە دەزانێت دەچێتە لای باوكی و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و لەگەڵی بە كێشە دێت بەڵام هیچ سوودی نییە، بەڵام زۆری پێ ناچێت كەسێك بە ناوی (تێیرێسیاس) دێت و ئامۆژگاری (كریۆن) دەكات و پاشگەزتی دەكاتەوە لەو بڕیارە و، دواتر دەڕۆن بۆ لای لاشەی (پۆلیۆنێیكێس)و لاشەكەی دەسووتێنن و خۆڵی بەسەردا دەكەن، دوای ئەوە ڕۆیشتن بۆ لای ئەو ئەشكەوتەی كە (ئەنتیگۆنە)ی تێدا شاردرابووەوە، بەڵام تازە كات درەنگ بووە، چونكە دەڕۆن و دەبینن (ئەنتیگۆنە) خۆی بە پەتێك هەڵواسیوە و خۆی كوشتووە، (هایمۆن)یش لەوێیە و هاوار دەكات و دەگریت، هایمۆن دوای بینینی باوكی شمشێرەكەی دەردەهێنێت و هەوڵ دەدات بیكوژێت بەڵام دواتر شمشێرەكەی كرد بە لا كەمەری خۆی و بەو حاڵەوە خۆی خزاندە باوەشە سارد و سڕەكەی (ئەنتیگۆنە) و دوایین هەناسەكانی ژیانی دا و مرد. كریۆن كە ئەو ڕووداوەی بە چاوی خۆی بینی زۆر تێكچوو و سەرزەنشتی كەلـلە
ڕەقییەكەی خۆی دەكرد، بەڵام ئەوەندەی نەبرد هەواڵێكی تری ناخۆشی بۆ هات، (ئێوریودیكە)ی ژنی كریۆن لە داخی خۆ كوشتنەكەی (هایمۆن)ی كوڕی، ئەویش خۆی دەكوژیت. بەو جۆرە (كریۆن) هەموو شتێكی لە دەست دا بەهۆی بڕیارێكی كەلـلە ڕەقانەوە.