مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 بە كاتی ئەمەریكا و كاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆ بە كاتی هەرێمی كوردستان، 166 ملیۆن دەنگدەری ئەمەریكی دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان بە مەبەستی هەڵبژاردنی (47) ەمین سەرۆكی وڵاتەكەیان .
دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، هەروەها كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان و جێگری سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی 50 ویلایەتەكەی ئەمەریكا دەكەن، بۆ بوون بە سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتەكان 244 ملیۆن ئەمریكی مافی دەنگدانیان هەیە و 78 ملیۆن لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگی خۆیان داوە.
سەرۆكەكانی ئەمەریكا، ماوەی زیاتر لە 170 ساڵە لەسەر پشكی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی ئەمەریكا (كۆماری و دیموكراتەكان) چوونەتە كۆشكی سپی، ئێستاشی لەگەڵ بێت هەژموونی ئەو دوو پارتە لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریكا بەردەوامە.
پارتی كۆماری لە ساڵی 1854 دامەزراوە، تا ئێستا 19 كەسایەتی لەسەر پشكی ئەو پارتە بوونەتە سەرۆكی ئەمەریكا كە دیارترینییان (ئەبراهام لینكۆڵن)، هاوكات پارتی دیموكراتەكان لە ساڵی 1828 دامەزراو تا ئێستا 16 سەرۆكی هەبووە و دوای ساڵێك لە دامەزراندنی، توانی (ئاندرۆ جاكسن) بكاتە یەكەم سەرۆك لەسەر پشكی خۆی لە ساڵی 1829.
ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەمجارە (كامالا هاریس) كاندیدی دیموكراتەكان سەركەوتوو بێت بەسەر ترەمپ، ئەوە دەبێتە یەكەم ژنە سەرۆكی ئەمریكا.