ئەحمەد کامەران
سەرەتای درووستبونی ئەم میلیشیانەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ سەرهەڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش . دواجار بە فەتوای سیستانی، عێراق پڕ بوو لە هێزی چەکدار بەناوی حەشدی شەعبی ، سەرەتا خۆیان وا نیشان دا هاوشانی سوپای عێراق ، وەکو هێزێکی نیشتیمانی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق ڕووبەڕوی تیرۆر دەبنەوە.بەهەمان شێوەش لەنێو شەقامی عێراقیش بە هێزی گەل ناسران. بەڵام لەپاش کۆتایی هاتنی داعش لەناوچەکەدا، دواجار ڕووی ڕاستەقینەیی ئەم میلیشیانە بەدیارکەوت . لەهێزی بەرگری گەلەوە بوون بە خزمەتکاری ئەجێندا سیاسیەکانی ئێران . بەڵام شتێک لەیاد نەکەین ، لەسەرەتاوە ئەم گرووپانە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی ئێران هاتنە درووستبوون، ئەمەش بۆ دووئامانجی سەرەکی ، یەکەمیان مەبەست لە لاوازکردنی پێگەی تەواوەتی عێراق لەناوەندەکانی بڕیارداندا، دووەمیان بۆ چاودێری تەواوی جموجۆڵەکانی ئەمریکا لەعێراق و ناوچەکەدا .
ئەم هێزە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بوونە ڤایرۆسێکی نەگریس بۆ عێراق ، تەنانەت هەرێمی کوردستانیش قوربانی ڕاستەوخۆی دەستی ئەم میلیشیا بێ سەروبەرانەیە. بینیمان لەکۆتایی مانگی شوبات، لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران ، گرووپە میلیشیا تیرۆرستییەکانی عێراق بەبێ ڕەچاوکردنی قەوارەی هەرێم و خاکی عێراق، ژەهری ڕق و کینەی خۆیان بەسەرماندا ڕژانن،هەرزوو دەستیان بە درۆن بارانکردنی هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمیان کرد ، لەگەڵ ئەوەشدا شەهید و بریندارمان دا .
لە ئێستادا دوبارە هەمان سیناریۆی ساڵانی ڕابردوو باس و خواستی چەکدانانی ئەم گرووپانە لە ئارادایە ، تەنانەت ئەمجارەیان دوا مۆڵەتیان ۳۰ی ئەیلول، دەبێت تاوەکو پێش ئەو بەروارە کۆتایی بە کار و چالاکی ئەم گرووپە میلیشیا نایاسایانە بهێنرێت لەتەواوی خاکی عێراق . بە کۆتایی هاتنی ئەم گرووپانە ، دەتوانین بڵێین ئیتر سەروەری خاکی عێراق بەهێزتر دەکات و دەستی دەرەکی لەنێو خاکی عێراقدا کۆتایی پێدەهێنرێت. میلیشیاکان لە پاڵ ئەوەی تا سەر ئێسقانیان تاوانبارن و دەبێت لەگەڵ چەکدانانیان ڕاستەوخۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەبەرامبەریان بگرنە بەر وسزا بدرێن ، کەچی مەرجی پێشوەختەیان خستۆتە بەر کابینەکەی زەیدی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەیان . لەهەرە مەرجەکانیان کە زۆر بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ گەلی کورد و قەوارەی هەرێم نیشاندا ، داوا دەکەن بەهەمان شێوە پێشمەرگەش وەکو میلشیاکان هەڵبوەشێنرێنەوە . بەڵام لەوە بێ ئاگان پێشمەرگەی قارەمان هێزێکی خۆرسکیە لەنێو دڵی گەلی کوردەوە هەڵقوڵاوە، هیچ کاتێک بەدەستی دوژمنان کۆتایی نایەت .
بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوە ئایا کابینەکەی زەیدی تاچەند توانای بەڕەنگاربونەوەی ئەم گرووپانەی هەیە ؟
بۆ بەرچاو ڕوونی ئەم پرسیارە ، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کابینەکانی پێشوی عێراق ،دەبینین بەهەمان شێوە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکانی ئەم گرووپانە، بەتایبەتیش لەسەردەمی سودانی هەوڵی تەواوەتی درا بە داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیاکان. کەچی دواجار بینیمان میلیشیاکان بەهێزتر دەرکەوتن لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق، تەنیا کابینەی حکومەتەکان هاتنە گۆڕان وە هیچ دەستکەوتێکی دڵخۆشکەرمان نەبینی. بەڵام کلیلی نەمانی ڕاستەوخۆی ئەم گرووپانە لە ئێستایە تەنیا پەیوەستە بە مان و نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. زۆر بە ئەستەم دەبینرێت ئەم گرووپانە بەئاسانی دەستبەرداری چەکەکانیان بن لەخاکی عێراق ، یانیش لە ئەگەری بەزۆر چەکدانانیان ،دەبێت عێراق بکەوێتە جەنگێکی ناوخۆیی درێژخایەنەوە ، تاوەکو بتوانێت بەتەواوی ئەم چەکدار و گرووپانە بەیەکجاری لەسەر خاکەکەی داماڵێت. من دەڵێم هیوادارم لەڕێگای زمانی دیپلۆماسیەتەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت ، بەرلەوەی کارەکە بگاتە زمانی جەنگ . چونکە لەیادمان نەچێت جەنگەکە تەنیا شەقامی عێراقی بەخۆیەوە ناگرێتەوە ، بەڵکو خاکی هەرێمی کوردستانیش دەخرێتە نێو گۆڕەپانی جەنگەکەوە .
لە ئێستایە تەواوی چاوەکان لەسەر سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی عێراق عەلی زەیدی دایە ، ئاخۆ تاچەند دەتوانێت بە ڕوحێکی گەنجانەوە زاڵ بێت بەسەر تەواوی قەیرانە پیربووەکەی عێراق؟


































































