شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار دەڵێت” لە وڵاتانی تازە پێشكەوتووەكان چارەسەری تازە بۆ نەخۆشانی شەقیقە تاقیكراونەتەوە و كاریگەری باشییان هەبووە.
د. ئازاد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار، دەڵێت” شەقیقە نەخۆشییەكی درێژخایەنە، كە لە ئێستادا زۆربەی چارەسەرییەكان بۆی كاتین و یەكێك لە كاریگەرترین چارەسەرەكانیش ڕێكخستنی شێوازی ژیانە وەك ژەمەكانی خواردن، كاتی خەو و سترێس، بەڵام هەندێك جۆری چارەسەری تازە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان تاقیكراونەتەوە بۆ ئەم نەخۆشییە و خۆشبەختانە كاریگەرییەكی زۆر باشییان هەبووە لەسەر نەخۆشەكان و ماوەی ژانەسەرەكانیان”.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد”چەند جۆرێكی دەرزی تایبەت پەرەپێدراوە و بەشێوەیەكی وەرزی بەكاردەهێنرێت بۆ ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی شەقیقە بوون و لە بەشێكی نەخۆشەكان كاریگەرییەكی بەرچاوی دروستكردووە لە كەمكردنەوەی ژانەسەرەكانیان و ڕێگری لە دروست بوونیان”.
دەشڵێت” جگە لە هەموو پێشكەوتنەكانی بواری پزیشكی بۆ پەرەپێدانی دەرمان، زۆر گرنگە نەخۆشەكان ئەوەیان لە بیر بێت ڕێكخستنی شێوازی ژیانیان لەڕووی خەو، ژەمەكان و كەمكردنەوەی سترێس، بە یەكێك لە كاریگەرترین ڕێگاكانی چارەسەری شەقیقە دادەندرێن.

































































