پشتیوان كەریم – سۆران:
شۆڕش میران، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییانی كوردستان، لە كاتی بەشداریكردنی لە پڕۆگرامی بەدواداچوون، باس لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن و كاروچالاكییەكان دەكات.
بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دەڵێت:” ئومێد دەكەین ساڵی نوێی خوێندن ببێتە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن، وەك یەكێتی قوتابییان بەڵێن و پەیمان دووپات دەكەینەوە كە پێداگری بكەین بۆ دابینكردنی سەرجەم ئەو داواكاریانەی كە لەلایەن خودی قوتابییانەوە دەكرێت و كار بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانیان بكەین، یاخود سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە لەهەگبەیاندا هەیە بۆ بەرەو پێش چوونی لایەنی زانستی وەك یەكێتی قوتابییان هاوكار و پشتیوانیان دەبین، بۆ هەر ساڵێكی نوێی خوێندن پلان و بەرنامەی جیاوازمان دەبێت و ئەو بڕگەو بەرنامانەی كە هەمانە كاریگەریان لەسەر بەرەوپێشچوونی قوتابییان هەیە، بۆ خزمەتكردنی قوتابییان ئەو داواكاریانەی ئاراستەی ئێمە دەكرێن لەرێی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوتوێی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتیان بكەین”.
ئەو بەرپرسەی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییان، لەبارەی گرفتەكان لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان رایگەیاند:” ئێمە وەك یەكێتی قوتابییان لە هەماهەنگی باش داین لەگەڵ زانكۆ و پەیمانگەكانی ئیدارەی سۆران، بەتایبەت ئەو قوتابییانەی قوناغی یەكەمن، چونكە گیروگرفتیان زۆرە، لەوانە بەشەناوخۆیی، لە ئێستادا بەهۆی نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە بەشەناوخۆیەكان كومەڵیك قوتابی لەسەنتەی شار دەمێننەوە و دوای تەواو بوونی كاری نۆژەنكردنەوە گرفتی بەشێك لە قوتابییانی كوڕ چارەسەر دەبێت، بۆیە وەكو یەكێتی قوتابییان هەر شتێك لە بەرژەوەندی قوتابییاندا بێت لە رێگەی مەكتەبی سكرتاریەت هەوڵدەدەین چارەسەر بكەین.
ئەو بەرپرسەی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییانی كوردستان، لەبارەی دانانی لیژنە لە قوتابخانەكانی ئیدارەی سۆران، روونیكردەوە:” لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییان لە شەش لیژنەی ناوچە پێكهاتووە، هەریەك لە لیژنەی ناوچەی زانكۆ و پەیمانگەكان كە چوار فاكەڵتی و سكوڵی وەرزشی و دوو كۆلێژ لەخۆدەگرێت، هەر یەك لە كۆلێژی تەكنیكی سۆران و پەیمانگەی تەكنیكی رواندز و قوتابخانەكان دابەشبوونە بەسەر پێنج لیژنەی ناوچەی (سیدەكان، دیانا، سۆران، خەلیفان و رواندز)، هەروەها شێوازی كاركردنمان گۆڕانكاری بەسەرداهێناوە و ئەو قوتابییانەی لە زانكۆ و پەیمانگەكان لە پلەی یەكەم تا دەیەم ئەوانەمان كردوونەتە سەرۆكی لیژنەكان، لە قوتابخانەكانیش لەناو سەرجەم لیژنە و ناوچەكانی خۆمان لیژنەمان هەیە زۆر بەباشی كاریان كردووە، ئەمساڵیش پێداچوونەوە بۆ قوتابییان دەكەین هاوكات لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییان لە سنوورەكە زیاتر لە 7500 ئەندامی هەیە و هاوسەنگیش كراوە لە نێوان كوڕان و كچاندا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو بەرپرسەی قوتابییان گوتی:” هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەكان و نوێنەراتیەكانمان كە لەو شوێنانە كار دەكەن، ئەو گیرو گرفتانەی روو دەدەن پەروەردەكان هاوكارن سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەكانیش هاوكارن زۆرجار گرفتی قوتابییان چارەسەر كراون، بێ ئەوەی بگاتە لای ئێمە ئەمە جێگەی دەست خۆشییە، گرفتەكان لە رێگەی لیژنەكان و بەرێوەبەری قوتابخانەكان چارەسەر دەكرێن.
شۆڕش میران، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابییانی كوردستان زیاتر گوتی:” دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر راگەیاندن و بوونی بە ئیدارەی سەربەخۆ لە رووی پەروەردەوە دەستخۆشیمان بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران هەیە، كە بە هاوكاری ئەو بەشێك لە قوتابخانەكان نۆژەنكراونەتەوە، پلانی دروستكردنی قوتابخانەی نوێ هەیە ئەمە جێی دەست خۆشییە، بەردەوام هەوڵدەدەین كارەكانی خۆمان فراوانتر بكەین، لە دوو ساڵی رابردووش وەك یەكێتی قوتابییان و تاكە لق لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ئۆڵۆمپیاتی زانستیمان راگەیاند كە دوو هەزار قوتابی لە ساڵی یەكەم و ساڵی رابردوو 2500 قوتابی سوودمەندبوون، هەروەها ئەو قوتابییانەی لە پۆلی یازدە دەردەچن و دەبنە 12ی ئامادەیی، كردنەوەی قوتابخانەی هاوینە هاوشێوەی قوتابخانەی حكومی مەرجەكانی تێدابوو جێبەجێمان كرد، ئامانجمان بوو ئەو قوتابییانەی لە پۆلی یازدەی ئامادەینە ئاشنایەتی لەگەڵ پۆلی شەشی ئامادەییان هەبێت، بەخۆشحاڵیەوە ساڵانی رابردوو سۆران پێشەنگ بوو لە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە قۆناغی پۆلی دوازدە، پلانمان هەیە بۆ كردنەوەی چەندین پڕۆژە، بۆیە هەر شتێك بۆ قوتابییان پێویست بێت، هەوڵی جددی بۆ دەدەین و كاری لەسەر دەكەین”.