” بەهۆی نائارامی سنوورەكە زەرەرو زیانی خەڵكی ناوچەكە سنوورییەكانی سیدەكان نەخەملێندراوە “
زاری كرمانجی-سیدەكان:
زیاتر هەفتەیەكە، سوپای پاسدارانی ئێران بە شێوەیەكی هەڕەمەكی بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان تۆپباران و بۆردومان دەكات، ئەوەش ترس و دڵەڕەوكێی لە دڵی خەڵكەكە درووست كردوە و چەندین كەسیش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، بەو هۆیەوەش دەوامی خوێندنی قوتابخانەیەك راگیراوە، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆرانیش دەڵێت، بەهۆی نائارامی سنوورەكە زەرو زیانی خەڵكی ناوچەكە نەخەملێندراوە.
وەك دانیشتوانی گوندە سنوورییەكان و كۆچەری و جوتیارانی كوێستانەكانی ناحیەی سیدەكان بۆ زاری كرمانجی باسی لێوەدەكەن: ” بەهۆی رەوشی سەربازی ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان، ساڵانە دووچاری بۆردومان و تۆپبارانەكانی ئێران و توركیا دەبێتەوە، ئەمساڵیش دوای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، زیاتر لە هەفتەیەكە لەلایەن تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان تۆپباران و بۆردوومان دەكرێن، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی زۆری لای درووست كردووین، هەروەها چەندین خێزان بۆ پاراستنی گیانی خێزان و منداڵەكانیان شوێنەكانیان جێهێشتووە”.
لای خۆیەوە عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت: ” بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ یوئێن و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سیدەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی سۆران، بۆ ئەوەی ئەو جوتیار و مەڕدارو هەنگەوانانەی لەناوچە سنووریەكانی دەڤەری برادۆست تووشی زیان بووینە زەرەو زیانەكانیان بخەملێندرێت، بەڵام بەهۆی نا ئارامی ناوچە سنووریەكان، تائێستا نەتوانراوە بەتایبەت ئەو ماڵانەی لە سنووری رووداوەكە بوون زیاتر جووتیار و رەوەندو ئاژەڵداران بوون”.
روونیشیكردەوە:” تا ئێستا كەمپی ئامادە لە سنووری دەڤەرەی برادۆست نییە، بەهۆی هاتنی زۆرێك لە ئاوەرەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان، لە ساڵانی 2014-2015 نزیكەی 200 كابینەی سەفەری لە سنوورەكە هەبوون، بەڵام گواسترانەوە بۆ كەمپی باسورمە، ئێستاش لەگەڵ لایەنی پەیوەندی دارو دام و دەزگا حكوومی لایەنە خێرخوازیەكان بەردەوامین، بۆ ئەوەی بتوانین كەمپێك بۆ حاڵەتی پێویست دروست بكرێت لە ناوچەكەدا.
م. عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی ناحیەی سیدەكان، تەنها خوێندنی یەك قوتابخانە راگیراوە، ئەویش بریتییە لە قوتابخانەی بنەڕەتی گوندی بنیڕەشكین، كە ژمارەیان بریتییە لە 19 قوتابی، ئەوەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتی قوتابی و مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە”.
ئاشكراشی دەكات: ” ناهێڵین خوێندنی قوتابیانی ئەم قوتابخانەیەی بەهۆی تۆپبارانەكانی ئێران داخراوە بێبەشبن لە خوێندنی ئەمساڵ، قەربووی خوێندنەكەیان دەكەینەوە و بەشێوەیەك لە شێوەكان لە هەوڵی چارەسەركردنین”.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، گووتیشی: ” جگە لەو قوتابخانەیە چاودێری تەواوی قوتابخانەكانی دیكەش دەكەین، كە كەوتوونەتە سنوورەكانی سیدەكان، لەپێناو پاراستنی گیانی مامۆستاو قوتابی و كارمەندانی پەروەردەی لە ناوچەكە، هەر قوتابخانەیەك مەترسی لەسەر بێت بەدواداچوونی بۆ دەكەین و قوتابیان دەگەوازینەوە قوتابخانەیەكی دیكە، یان بۆ ماوەی چەند رۆژێك رادەگرین تا دۆخەكە ئارام دەبێتەوە.
دوای ناڕەزاییەكان و كوژرانی بێ بەزەییانەی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری تاران، كە لەسەرەتاوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لە شارەكانی سەقزو سنە دەستی پێكرد دواتریش بۆكان و مهاباد و ورمێ وە تا ئیلامی گرتەوە، هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە و زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە”.
لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە 16 كەس بوونەتە شەهید و قوربانی و دەیان كەسی دیكەش بە بەچەك و فیشەكی ساچمە دار برینداربوونە، هەروەها نزیكەی 50 خۆپیشاندەر دەستگیر كراون، لە نێوانیاندا 11 كەس ژنن.