سەردار قازی ـ سۆران :
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دوای 15 ساڵ لە یاریی کردن، ئیدریس حسێن گۆڵکاری مێژوویی و کاپتنی یانەی سۆران وازهێنانی لەیانەکە راگەیاند.
ئیدریس، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە دوای 15 ساڵ لە قوربانیدان و بەرگەگرتنی هەموو بارودۆخێک دواجار و بەدڵێکی شکاوەوە واز لەیانەی سۆران دەهێنێت.
لەدرێژەی پەیامی ماڵئاوایی گۆڵکاری مێژوویی سۆران ئەوەش هاتووە،”دوای زیاتر لە 15 ساڵ خزمەتکردن وەکو کاپتن و سەرکردەی یانەی وەرزشی سۆران. کاتی ئەوە هات منیش دوایین لاپەرەی ئەو وێستگە گەشەی ژیانم دابخەم و بەسەری بەرز و دەسکەوتی گەورەوە وازهێنانم رابگەینم لەگەڵ یانەی وەرزشی سۆران، وە ئەم ئەرکە قورسە وئەم ئەمانەتە بدەمە دەست ئیوە هیوادارم لە ئاست ئەم ئامانەتە دابن.”
ئیدیریس سەرنجی خستوەتەسەر گرنگی هاندەران و لەبارەیەوە گوتویەتی:” زۆر داوای لێبوردن لە هاندەرە خۆشەویستەکان دەکەم کە نەمتوانی بۆ ئەمساڵ لەگەڵتان بم داواکەتان جێ بە جێ بکەم زۆر سوپاس بۆ خەمخۆری و پاڵپشتیتان بۆ نامە و تێلیفۆنەکانتان.”
تاکە شت کە دڵم پێی خۆش بوو لەم یانەیە تەنها هاندەرە خۆشەویستەکان بوون بۆیە تەنها داوای لیبوردن لە ئێوە دەکەم.”
ئیدریس نایشارێتەوە کە هۆکاری ئەم بڕیارە لەناکاوەی بەرپرسانی یانەکە بوونە، کاپتنی یانەکەی پایتەختی شەهیدان دەڵێت:” هۆکار بۆ ئەوەی قورسترین و ناخۆشترین بریاری ژیانی وەرزشیم بدەم، بۆ کەمتەرخەمی و خەم ساردی دەستەی کارگێری یانەی سۆران دەگەڕێتەوە، هۆکاری دی زۆرن، بەڵام نامەوێت ئاماژەیان پێبدەم.”
لەهەمانکاتدا و بەگوێرەی بەدواداچوونی زاری کرمانجی، وێستگەی داهاتووی ئیدریس حسێن یەکێک لەیانەکانی رواندز یان هەڵۆ دەبن، کە هەردووکیان رکابەرن لەنێو خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.