موڕشید برادۆستی – سۆران:
سۆران بەو پێیەی ئیدارەیەكی سەربەخۆ و دەڤەرێكی گەشتیاری گرنگی كوردستانە، بازاڕێكی گەورە و ماركێت و كافتریا و ناوچەی گەشتیاری زۆری لێ یە، شوێنە گشتییەكان ناوی بیانی یان هەڵگرتوو و ناونیشانەكانیان لە بڕی كوردی، زیاتر بە زمانی” ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی” هەڵواسیووە، بەرپرسێكی ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت: ” هەر شوێنێكی بازرگانی، گەشتیاریی سنوورەكەمان پابەند نەبێت بە نووسینی زمانی كوردی بە دڵنیایەوە دادەخەین.”
بارزان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەڵێ ئێمەش تێبینی ئەوەمان كردووە، زۆربەی شوێنەكان بە تایبەت گەشتیارییەكان تابلۆ و ناونیشانەكانیان بە زمانی بیانی هەڵواسیوە و زمانی كوردیان فەرامۆش كردووە، بۆیە بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریمان بە سەرجەم ئەو شوێنانە داوە و لیژنەكەیش بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە و دەست بە ڕێكارەكان دەكەن.”
بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: ” ناونیشان و تابلۆیەكان دەبێت زمانی كوردی سەرەكی بێت، ئەگەر جاری یەكەم ئەو شوێنانەی ئاگاداركردنەوەیان پێدراوە پابەند نەبوون، رووبەڕووی سزایان دەكەینەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر بەردەوام بوون ئەوا بە دڵنیایەوە شوێنەكانیان دادەخەین”.