زاری کرمانجی – سۆران :
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو ڕەخساندی دەرفەتێکی گرنگی پاڵپشتیی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەربوومە خۆماڵییەکانی پاڵە و جووتیاران و بە کولتوورکردنی گەشتیاری و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی جووتیاران، لە پرۆژەیەکدا کار بۆ ئاوێزان کردنی سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیاریی دەکات.
بۆ ئەم مەبەستە دوێنێ سێشەممە 13 ی حوزەیرانی 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی دیدارێکی هاوبەشی نێوان بەشێک لە جووتیارانی خاوەن باخ و بیرۆکە و پرۆژەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕینی کرد.
لەم دیدارەدا لەلایەن ڕاوێژکار و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی “دۆچکا” تیشک خرایە سەر هێڵە گرنگەکانی ئاوێتەکردن و بەیەکەوەبەستنی هەر دوو سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ژێر ناونیشانی “پرۆژەی گەشتوکاڵ AGROTOURISM”.
هەر وەکوو هێمای بۆ کراوە، ئەم پرۆژەیە دەرفەتێکی گرنگی پاڵپشتیی بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەکانی جووتیاران و بە کولتوور کردنی گەشتیاری و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی جووتیارانە لە ڕێگەی سیستەمێکی ڕێکخراوی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی GIZ، بە مەبەستی هاندانی جووتیاران بە پێشکەشکردنی یارمەتی و ڕاوێژکاری بۆ بووژانەوەی باخ و زەوییەکانیان.
بۆ لەمەودوا لە ڕێگەی تیمێکی تەکنیکی بەئەزموونی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی گەشتوگوزار، کولتووری هێنانە کایەی پرۆژەی کشتوکاڵیی گەشتیاری بە چەند قۆناخێک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکرێت.