مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جارێكی تر پەتای خوێنەربوون بەرۆكی عێراقی گرتەوەو وەزارەتی تەندروستیش هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا كۆتا ئاماری قوربانیانی تووش بوو بە پەتایەكە بڵاوكردەوە و دەڵێ :”لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، تووشبون بە پەتای تای خوێنبەربون لە عێراق گەیشتۆتە 128 حاڵەتی تۆمار كراو و 18 گیانلەدەستدان.”
زۆرترین رێژەی تووشبوو و گیانلەدەستدان، هەروەكوو بەدر ئاماژەی بۆ دەكات لە پارێزگای زیقار تۆماركراوە و ئەوەش دەڵێ :”وەزارەتی تەندروستی توانیویەتی توشبوانی پێشوەختەش بەنیشانەكان دەستنیشان بكات، چونكە نەخۆش پێش دەركەوتنی نیشانەكانی ئەگەری چاكبونەوەی هەیە، بەڵام ئەگەر كەسی توشبوو خۆی دوابخات ئەوا ئەگەری گیانلەدەستدانی زیاترە.”
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بنبڕكردنی ئەو پەتایە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی كشتوكاڵ و دەڵێ : “رۆڵی سەرەكی بۆ بنبڕكردنی ئەو پەتایەو رێگریكردن لێی لەئەستۆی وەزارەتی كشتوكاڵدایە، لە رێگەی لەناوبردنی ئەو مێروانەی نەخۆشیەكە دەگوازنەوە،”
هاوكات بەدر داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانیش دەكات كە چارەسەری بابەتی گواستنەوەی ئاژەڵ لە رێگەی ناتەندروستەوە بكەن كە لەنێوان شارو پارێزگاكاندا ئەنجام دەدرێن.
لە هەرێمی كوردستان، بەپێی سەرچاوە تەندروستییەكان تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوون تۆمارنەكراوەو لەگەڵ ئەوەشدا لە سەر ئاستی هەرێم لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ، كشتوكاڵا، و بەرێوەبەرانی ڤێتێرنەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە بۆ رووبەروونەوەی ئەو پەتایە .

