زارى كرمانجي – سۆران :
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2022/9/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له شاندێكی په‌رله‌مانتارانی پارتی (SPD)ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به سه‌رۆكاتیی به‌ڕێز نیڵس شمید كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ركی هێزه ئه‌ڵمانییه‌كان لە چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق، كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخی ئابووری و چالاكییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت، پرسه‌كانی دیموكراسی، مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتی كردوه كه داعش له عێراق و سووریا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه و بۆ له‌نابردنی تیرۆر، عێراق و هه‌رێمی كوردستان هێشتا پێویستییان به هاریكاریی و پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، بۆیه هیوای خواست په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا له ئۆكتۆبه‌ری داهاتوودا بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بدات.
به‌ڕێزیان سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هاریكاریی مرۆیی و سه‌ربازیی ئه‌ڵمانیا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه كه عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ بره‌ودان به دامه‌زراوه‌كان و دیموكراسی و به‌ره‌وپێشبردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان، پێویستیان به یارمه‌تیی ئه‌ورووپییه‌كان هه‌یه و ده‌توانن له‌مباره‌وه هاوكار بن.
وێڕای ده‌ربڕینی پێزانینی وڵاته‌كه‌یان بۆ ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان و قاره‌مانیه‌تیی پێشمه‌رگه له تێكشكاندنی داعش، شاندی میوان سه‌رسامیی خۆیان به پێشكه‌وتنه‌كان و ئاوه‌دانیی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا و خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی كه دوای تێكشكاندنی تیرۆر، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی و وه‌به‌رهێنان ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له دۆستایه‌تی و هاوبه‌شیی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و ئارامی و سه‌قامگیریی عێراقیان بۆ ناوچه‌كه به‌گشتی به گرنگ زانی.
هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه، دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون.