بەڕێوەبەری ئاوی سۆران : بە گوژمەی شەش ملیار دینار كۆمەڵێك پڕۆژەی ئاو جێبەجێ دەكرێن”
پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی :
رێكەوتی 14 ـ 9 ـ 2021 لە مەراسیمێكدا لە قەزای سۆران بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا و هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئەو كات قایمقامی قەزای سۆران بوو وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاركرا و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نامەی دەستبەكاربوونی پێ بەخشرا.
ئەمڕۆ ساڵێك تێپەڕ دەبێ بەسەر راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زاری كرمانجی وەك پیشەیی هەمیشەیی خۆی، رەیی تەواوی بەرپرسان و بەرێوەبەرانی فەرمانگە حكومییەكان و بەشێك لە دانیشتووانی سنووری ئیدارەكە وەردەگرێ لەسەر دەستكەوت و شێوازی كاركردن و داواكارییان لە ماوەی ساڵێكی تەمەنی.
لەمبارەیەوە تەحسین سەعدوڵڵا بەڕێوەبەری ئاوی سۆران لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە باس لەو پڕۆژانە دەكات كە لەسەر بوددجەی وەزارەتی ئاو لە ئیدارەی سۆران جێ بە جێ دەكرێت، دەڵێت:” ئەو پڕۆژانەی لەسەر وەزارەتی ئێمە هەن رەزامەندی بۆ دەرچووە، بریتییە لە یەك ملیار هەشت سەت ملیۆن دینارە، بۆ هەریەك لە گەڕەكی ( جوندیان و شاوراوە و هاودیان و جۆنەرە ) بوون لەگەڵ كڕینی حەفت فیت پەمپ كۆیی پڕۆژەكانیش لە قۆناغی تەندەرینن و خەریكی جێ بەجێ كردنیانین”.
تەحسین راشیگەیاند:” كۆمەڵێك پڕۆژەی ترمان هەیە، سەبارەت بە گرفتی تانكەرەكان بە گوژمەی دوو ملیۆن هەشت سەت ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، بەڵام بە تەواوی پەسەند نەكراوە و لە قوناخی جێبەجێكردندان، هەروەها لەسەر بوددجەی ئیدارەی سەربەخۆ و شارەوانی سۆران، هەر شوێنێك یا شەقامێك چاكبكرێت پڕۆژەی ئاوی بۆ دابنرێ، كە ئەویش لە گەڕەكی گەڵالە تەواو بووە و باپشتیان و گەڕەكی 26ی گوڵان رەزامەندیان ماوە، لە هەمانكاتدا پڕۆژەی لێدانی سێ بیری ئاوی لە گوندی ئاڵانە و نزاری سەرچەم لەم رۆژانە جێبەجێدەكرێن بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار لە سەر بوددجەی ئیدارەی سۆران جێ بەجێ دەكرێن”.