ئامادەكردنی : موحەمەد نەسڕولا حسێن
قوتابی قۆناغی سێیەمی فاکەڵتی پەروەردە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی سۆران
لەدوای دەرەنجامەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم، کورد لەژێر پەیمانی سێڤر توانی مافی دروستکردنی دەوڵەتێک بەدەست بھێنێت لەبەشی باکووری کوردستان و شاری مووسڵ، بەڵام لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک ڕێگری لێکرا. دواتر لە ساڵی ١٩٢٧، بە پاڵپشتی شانشینی یەکگرتوو تواندرا کۆماری ئارارات ڕابگەیەندرێت. لەبەرامبەردا تورکیا لە ساڵانی ١٩٢٥–١٩٣٠ و ١٩٣٧–١٩٣٨ بەردەوام بوو لە سەرکوتکردنی ھەر بزاڤێکی یاخیبوو و شۆڕشگێریی کورد. ھاوکات ئێران ھەمان کاری دەکرد لە دەیەی ١٩٢٠ لەبەرامبەر سمکۆی شکاک کە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی نێوان مەریوان بۆ ھەڵەبجەی لەژێر دەستدابوو. لە عێراقیش لە ماوەی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤، شانشینی کوردستان لەلایەن شێخ مەحموود بەڕێوەدەبردرا، لە ساڵی ١٩٣١ محەممەد ئەمین زەکی بەگ کە وەزیرێکی کورد بوو لە کابینەی نووری سەعید و پۆستی وەزیری ئابووری پێدرابوو، ھەڵسا بە نەخشەکێشانی سنوورەکانی کوردستانی تورکیا لە زنجیرە چیای ئاراراتەوە و سنووری جۆرجیا (لە نێویاندا ناوچەی قەرس. کە کورد و خەڵکی جۆرجیا لە نزیک یەکدا دەژین) بەئاراستەی باکوور درێژدەبێتەوە، دواتریش سنووری ئێران لە ڕۆژھەڵات، عێراق لە باشوور، ھەروەھا لە بەشی ڕۆژاواش ھێڵێک درێژ دەبوویەوە بۆ سێواس و ئەسکەندەرونە. ئەم نەخشەیە لەگەڵ نەخشەکانی دەوڵەتی عوسمانی یەکیان دەگرتەوە، لە ساڵی ١٩٣٢، گارۆ ساسۆونی کەسایەتییەکی دیار لە حیزبی شۆڕشگێری ئەرمەنی، نەخشەیەکی کوردستانی کێشا کە بەشی ویلسۆنی ئەرمەنستانی لە کوردستان لادابوو، واتە ئەو ناوچەیەی کە لە پەیماننامەی سیڤەر بەخشرابووە ئەرمینیا وەک جیاکردنەوەی سنووری نێوان تورکیا و ئەرمینیا، گارۆ ساسۆونی لەگەڵ دروستکردنی نەخشەی کوردستان ئەوەشی وت کە ئەو نەخشەیەی ئەو فراوانترین ڕووبەڕە کە کوردەکان دەتوانن وەک دەوڵەتی کوردستان دروستی بکەن و دانی پێدابنێن لەماوەی دەیەی ١٩٢٠ و ١٩٣٠، چەند شۆڕشێکی گەورە لە ناوچەکە دەستی پێکرد، گرنگترینیان شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥، شۆڕشی ئارارات لە ١٩٣٠ ھەروەھا شۆڕشی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٨. دوابەدوای ئەم شۆڕشانە ناوچە کوردییەکان کەوتە بەر جێبەجێکردنی یاسای سەربازیی تورکیا و کوردێکی بێشوومار لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەکران. حکوومەتی تورکیا ھەڵسا بە نیشتەجێکردنی ئاشووری و ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ کە ئەمەش وایکرد نەخشەی دانیشتووانی کورد بگۆڕدرێت. ئەم پڕۆسەیە پەیوەندی کورد و حکوومەتی ئەنقەرەی بۆ ماوەیەکی درێژ سست کرد، لە ساڵی ١٩٣٧، لەکاتی حوکمڕانی ستالینیزم، کوردێکی زۆر لە ئازەربایجان و ئەرمینیا بوونە قوربانی و بەزۆر کۆچیان پێکرا و ڕەوانەی کازاخستان کران.
لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەم، بەریتانیا ١٠ ھێزی چەکداریی لە کورد، ئاشووری و تورکمانەکان لە عێراق دروستکرد. لە ساڵی ١٩٤١، کورد پشتگیری ئینگلیزیان کرد لەکاتی ھەوڵی کودەتای ئەو ساڵە بەسەرکردایەتی ڕەشید عالی گەیلانی کە دەیویست بەھاوکاری نازییەکان دەسەڵاتی بەریتانیا لە عێراق دەربکات، ڕێژەی ٢٥٪ ئەو ھێزانەی بەریتانیا دروستی کردبوون لە باکووری عێراق کورد بوون، کە لەپاڵ ھێزە دەریاوانەکانی شاھانەی بەریتانیا لە وڵاتانی ئەلبانیا، ئیتالیا، یۆنان و قوبرس چالاک بوون، کورد لە ساڵی ١٩٤١، بەشداربوون لە ھاوکاریکردنی سۆڤیەت بۆ داگیرکردنی بەشێک لە باکووری عێراق، ھەروەھا بوونە ھۆی کرانەوەی ڕێگایەک بۆ سۆڤیەت بۆ ناوچەکە و ئەمەش وایکرد کۆماری کوردستان لە مەھاباد بۆ ماوەیەک بمێنێتەوە و پشتگیری بکرێت، وێڕای ئەوەی کە کورد کەمینەیەکی زۆر بچووک بوون لە سۆڤیەت، بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە جەنگەکان و پشتگیرکردنی سۆڤیەت. سەمەند سیابەندۆڤ خەڵاتی پاڵەوانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێدراوە. کورد وەک پشتگیری سۆڤیەت لە شەڕەکانی سمۆلینسک، سیڤاستۆپۆل، لینینگراد و ستالینگراد بەشداربوو. کورد ڕۆڵی ھەبووە لە چالاکی پارتیزانی لە بەرەکانی دوواوەی ئەڵمان. کەرەسیڤا خەڵاتی مێدالیای پاڵەوانی سۆڤیەت و مێدالیای پارتیزانی وەرگرتووە بۆ جەنگی فازەرلاند لەبەرامبەر ھەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنی پاریتیزانەکان لە دژی ئەڵمانییەکان لە ڤۆلھینیا ئۆبلاست لە ئوکراینا. کورد ڕۆڵیان ھەبووە لە چوونە ناو ھەنگاریا و داگیرکردنی مانچوریای ژاپۆن لەلایەن سۆڤیەتەوە، دوای جەنگئ جیهانی دووەم نزیکەی نیوەی کورد لە تورکیا دەژین. بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای
سی ئای ئەی ١٨٪ دانیشتووانی تورکیا کوردن، بەزۆری کوردەکان لە دەوری شارەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا نیشتەجێن، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ١٩٨٠، ئەو کەسانەی بە کوردی قسەدەکەن ژمارەیان نزیکی ٥ ملیۆن کەس بووە، کە ٣٫٩ ملیۆن لەو ژمارەیە بە کورمانجی قسەدەکەن، دواتر ژمارەی کوردزمانان لەگەڵ گەشەکردنی ژمارەی دانیشتووان زیادی کردووە. دەبێت ئەوەش بگوترێت کە زمانی کوردی لەوکاتەدا تاکوو ساڵی ١٩٩١ قەدەغە بوو. ئەو قەدەغەکردنەش لەسەر زمانی کوردی تاکوو ئەمڕۆش لەزۆرێک لە ناوەندە فەرمییەکان بەردەوامی ھەیە لەناویداندا قوتابخانەکان. لە ئێستادا ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن و بە کوردی قسەدەکەن ژمارەیان کەمترە لە ١٥ ملیۆن کەس، هەروەها لە ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٨، کوردەکان زەحمەتی زۆریان چەشت لە کۆتایییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی. لە ساڵی ١٩١٩، کورد داواکارییەکانی بۆ دەسەڵاتی مافی ئۆتۆنۆمی لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس پێشکەشکرد بەڵام گرنگی پێنەدرا، لە ساڵی ١٩٢٠، بەگوێرەی پەیمانی سێڤر دەبوو دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێندرێت بەڵام دواتر پەیمانی لۆزان جێگەی گرتەوە کە ھیچ مافێک و خوددەسەڵاتی بۆ کورد دابین نەکرد. لە ساڵی ١٩٢٥، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران شکستی پێھێنرا، مستەفا کەمال ئەتاتورک ئەنجومەنێکی چاکسازی بۆ ڕۆژھەڵات (بە تورکی :Şark İslahat Encümeni) دامەزراند کە بەم ھۆیەوە دەسەڵاتی حکوومەتی سەربازییان لە ناوچەکە کوردییەکان دامەزراند. ئەم شێوازە لە حوکمڕانی ناوچە کوردییەکان تاکوو ١٩٥٢ بەردەوامی ھەبوو، بۆیەش لەماوەی پەنجاکان کوردەکان دەرگای ئەوەیان بۆکرایەوە کە لە دامەزراوە میرییەکانی حکوومەتی تورکیا کار بکەن. بەڵام ئەم ھەنگاوی کرانەوەیە ھەرزوو پووکایەوە لەگەڵ سەرکەوتنی کودەتای ١٩٦٠ لە تورکیا، لە حەفتاکان بزووتنەوەیەکی نوێ لە کوردایەتی سەری ھەڵدا کە تێکەڵەیەک بوو لەگەڵ بزاڤی چەپ و مارکسییەکان و دژ بە دەرەبەگایەتیی بوون. ھەر لە حەفتاکان دیارترین حیزبی چەکداری کوردی، پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرا، دوابەدوای ئەو ڕووداوانە، شوناسی کوردبوون ڕەتکرایەوە و ھەرکەسێک لە تورکیا خۆی وەک کورد ناساندبا تووشی ھەڕەشە دەبوویەوە. شووناس، چاند و ھەربابەتێکی پەیوەست بە کورد لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەتدەکرایەوە، ھەموو ئەمانەش تاکوو ساڵی ١٩٩١ درێژەی کێشا. دواتر لەسەر پێشنیار و چاکسازییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ھەندێک کارئاسانی کرا بۆ زمانی کوردی لەوانە لە پەخشی ڕادیۆ و تیڤی بتواندرێت کە بەزمانی کوردی بەرنامە پێشکەش بکرێت. سەرباری ئەوانەش ھەندێک ئاستەنگ و سنوور بۆسەر زمانی کوردی لە پەخشی بەرنامەکان ھەرمانەوە وەکو بەرنامەکانی ڕادیۆ تەنیا بۆیان ھەبوو لە ڕۆژێکدا یەک کاتژمێر پەخشی کوردییان ھەبێت و لە حەفتەیەکیشدا لە پێنج کاتژمێر تێپەڕنەکات، ئەم ئاستەنگییە بۆ بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن زیاتریش بوون. ھاوکات تا ئێستاش زمانی کوردی قەدەغەیە لە خوێندنگا حکوومییەکان، ئەوەی ڕێگەی پێدراوە کە کوردی بخوێندرێت تەنیا لە قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکانە، لە کۆتایییەکانی ١٩٩٤، لەیلا زانا کە بووە یەکەم ژنە نوێنەری کورد لە پەرلەمانی تورکیا بەڵام بەھۆی وتاردانێکی جوداخوازییەوە سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو. لەیلا لەکاتی سوێندخواردنی لە پەرلەمانی کوردستان بە زمانی کوردی قسەیکرد و خۆی بە کورد دانا. بەپێی ڕاپۆرتی ئەمنیستی ئینتەرناسیۆنال، لەیلا بە زمانی تورکی سوێندی خواردووە وەک ئەوەی لێی داواکراوە بەڵام لەپاڵ قسەکانیشی بە کوردی وتوویەتی «دەبێت من زەحمەتی بکێشم بۆ ئەوەی کورد و تورک بەیەکەوە بژین لە ژێرچەتری دێموکراسی»، دواتر لەیلا لەلایەن پەرلەمانتارە تورکەکانی ناو ھۆڵەکە قسەکەی لێ بڕاوە، بە جوداخواز و تێرۆریست ناوی ھێنراوە و داواکراوە ڕاستەوخۆ دەستگیربکرێت، پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام بووەتە لایەنێکی ناکۆک لەگەڵ دەسەڵاتی حکوومەتی تورکیا لەسەر پرسە کەلتووری، سیاسیی و مافی خۆبەڕێوەبەری کورد. ھاوپەیمانەکانی تورکیا لەوانە ئەمریکا، ئەورووپا و ناتۆ بەفەرمی پەکەکەیان وەک لایەنێکی تیرۆریستی تۆمارکردووە.
لە ماوەی ١٩٨٤ تاکوو ١٩٩٩ شەڕێکی کراوە لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە ڕوویدا، لەماوەی جەنگەکە خەڵکێکی زۆر بێ ماڵ و حاڵ بوون بەتایبەت خەڵکی گوند و دەشتەکان بەناچاری ڕوویان کردە سەنتەری شارەکانی ئامەد، وان و شرنەخ، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ھیومەن ڕایتس وۆچ، نزیکەی ٣٠٠٠ گوندی کوردنشین لە سەرنەخشە لەلایەن سوپای تورکیاوە سڕایەوە. بەھۆی جەنگەکەوە ٣٧٨ ھەزار کەس لە ماڵ خۆیان ئاوارە بوون، لە ساڵی ١٩٩٢، نێلسۆن ماندێلا خەڵاتی ئاشتی ئەتاتورکی ڕەتکردەوە، وەک دەگوترێت بەھۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بووە لەو وڵاتانە لەگەڵ مافەکانی کورد.”