دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
لە ئێستادا داهاتووی لیۆنێل مێسی ئارجێنتینی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان و زۆرترین مشتومڕی لەسەر دەكرێت.
گرێبەستی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی داهاتوو كۆتایی دێت، یاریزانەكەش تا ئێستا رەزامەندی لەسەر كاراكردنی بڕگەی درێژكردنەوەی بۆ وەرزی سێیەم نەداوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ـی ئیسپانی، بارسێلۆنا ترسی ئەوەی هەیە هەنگاوێكی هەڵە بنێت لە دانوستانەكانی گەڕاندنەوەی مێسی، بۆیە ئیدارەی یانەكە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ مێسی پێشڕەوی ناكات، تا ئاماژەیەكی لێ وەرنەگرێت.
ئەو پێگەیە روونیشیكردەوەتەوە، “هەڵوێستی خوان لاپۆرتا، سەرۆكی یانەی بارسا، روون و ئاشكرایە سەبارەت بە گرنگی گەڕانەوەی مێسی بۆ “سپۆتیفای كامپ نو”، لەهەمانكاتدا ئەستێرەكەی وڵاتی زیو، بڕیاریداوە وەرزی داهاتوو لە ئەوروپا بەردەوام بێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین ئۆفەری پێگەیشتووە لە ئەمریكا و سعوودییە.
“مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ” ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بارسێلۆنا چاوەڕێی مێسی دەكات، بۆ راگەیاندنی خواستی خۆی بەوەی دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسا، بەبێ گوێدانە لایەنی دارایی. لەكاتێكدا بەرپرسانی یانەكە چاكدەزانن ناتوانن خواستی دارایی ئەفسانە لیۆ بەجێبهێنن.
رۆژنامەكە لە درێژەی زانیارییەكانیدا دەڵێت: “لاپۆرتا تێدەگات كە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ مێسی گرنگە، بەڵام ئەمە روونادات تا ئاماژەیەك لە بێرگۆس ـەوە نەگات، بەوەی كە دەیەوێت بگەڕێتەوە.”
ئەوەش روونبووەتەوە، پلانی بارسێلۆنا بۆ گەڕاندنەوەی مێسی وەك خۆی دەمێنێتەوە بە دابینكردنی مووچەیەكی كەم، كە رێژەكەی بەندە لەگەڵ ئەو داهاتە بازرگانیانەی كە یانەكە لە گەڕانەوەیدا بەدەستی دەهێنێت.
مۆندۆ نایشارێتەوە، كە لە ئەگەری گەڕانەوەیدا دەبێ مێسی رۆڵێكی جیاواز لە تیمەكە و لە ژووری جلگۆڕین بەرجەستە بكات، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی و، بوونی ئەو یاریزانانەی كە لە ماوەی نەبوونیدا بوونەتە پێشەنگ.
دوێنێ لەكۆنگرەی رۆژنامەنووسی چاڤی پێش یاریی ئێلچێ پرسیاری گەڕانەوەی مێسی لێكرا، لەوەڵامدا گووتی، “ئێمە لەگەڵ مێسی بەردەوام قسە دەكەین، بەڵام ئێستا كاتی قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە نییە.