پلان و بەرنامەیەكی زۆر باشمان بۆ باڵەكایەتی داناوە
زاری كرمانجی – سۆران:
كرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بارزانی نەمر لە بارزان بەرنامەیەكی توكمەی دانا بۆ ئەوەی بە كەڕامەت بژین، بارزانی نەمر ئەو بەرنامە و پلانەی لە باڵەكایەتی راگەیاند، چونكە بۆ ماوەی زیاتر لە 14 ساڵ سەركردایەتی شۆڕش لە باڵەكایەتی بوو، هەموو كورد هاتە باڵەكایەتی، لەوێ پەیامی شۆڕشگێڕی راگەیاند كە ئێدی دەبێت كورد بە كەڕامەت بژیت، ئەگەر پێناسەمان نەبێت، هەست بە نەتەوەیی بوونی خۆمان نەكەین ئەو ترسەی بارزانی ویستی لە ناخی تاكی كورد بشكێنێت لە باڵەكایەتی شكاندی، بۆیە كەس نییە باڵەكایەتی نەناسێت، بارزانی نەمر تەنها موڵكی كەسێك و لایەنێك نییە، بەڵكو موڵكی هەموو میللەتی كوردە، بەڵام بۆ باڵەكایەتی تایبەتمەندیەكی تایبەتی هەیە، خەڵكی باڵەكایەتی رەنگە لە خەڵكی بارزان زیاتر ناز و خۆشەویستی گەورەییان بۆ بارزانی نەمر هەبێت.
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، دەشڵێ: خەڵكی باڵەكایەتی داواكاری هەیە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە باڵەكایەتی پێویستی بە ئاوڕ لێدانەوەی زیاترە، پێویستی بە ئاشتكردنەوەیە، ئەوە لە بەرنامەی ئێمەدایە كە كاری لەسەر بكەین، بەتایبەتی لە دوای كۆنگرە كۆمەڵێك پلانی زۆر گەورە هەیە بۆ خستنەڕوویی خزمەتگوزاری بۆ باڵەكایەتی بۆ دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجان و سوود وەرگرتن لە بواری كشتوكاڵی، گەشتیاری و بازرگانی، ئەوانە هەموو پلانی ئێمەنە دەبێت گەنجان زیندوو بكەینەوە، دەبێت چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین، خەڵك لە شوێنەكانی دیكە روو لە باڵەكایەتی بكەن، نەك خەڵكی باڵەكایەتی روو لە شوێنەكانی دیكە بكەن، هەتا لەرووی زانستی پلانمان هەیە لەگەڵ زانكۆی سۆران، بەشێكی زانكۆی سۆران لە باڵەكایەتی بكەینەوە، بۆ ئەوەی هەم دەرفەتی كار هەبێت، هەمیش تێكەڵاوی سەقافەتی باڵەكایەتی بە خەڵكی دیكە بێت، بۆیە پلانی زۆر باشمان بۆ باڵەكایەتی هەیە”.
































































