یانەی هەولێر لە رێی بەیاننامەیەكی فەرمی، ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر ئەو هێرشە دەربڕی كە كراوەتە سەر یاریزانان و دەستەی كارگێڕی و هاندەرانی.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەكی یانەی هەولێردا هاتووە، بەداخێكی زۆرەوە دوێنێ شەو لە میانەی بەڕێوەچوونی یاریی یانەكەمان بەرانبەر یانەی دهۆك لە گەڕی (١٤)ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، كە لەسەر یاریگەی دهۆك ئەنجام درا، لە كاتی یارییەكە و دوای كۆتاهاتنیشی، لەلایەن بەشێك لە هێزە تەناهییەكانی یاریگە، هاندەرانی یانەی دهۆك و بەشێك لە ڕێكخەرانی یارییەكە، هێرشێكی ناڕەوا، دڕندانە و ترسنۆكانەی بەرنامە بۆ داڕێژراو كرایە سەر هاندەرانی دڵسۆزمان، ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و یاریزانانمان.
ئاماژە بەوەش كراوە، كارەساتەكە بەوەندە نەوەستا، بەڵكو هێرش و دەستدرێژییەكان گەیشتنە ناو ژووری جلگۆڕینیش، دوای ئەوەی شاندی یانەكەمان و هاندەرانمان بۆ ماوەی سێ سەعاتی تەواو لە ناو یاریگەدا گەمارۆ دران و ڕێگەی دەرچوونیان لێ گیرا، لە ماوەی ئەو گەمارۆدانەدا ژمارەیەك لە هاندەران دزەیان كردە ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان، لە ئەنجامی ئەو پەلامارە توندوتیژانەدا، سێ ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان بە سەختی بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆریش لە هاندەرەكانمان بەهۆی سەختیی برینەكانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە كران.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەیش هاتووە، جێگەی داخە ئێمە دەستەی كارگێڕیی یانەی دهۆك بەكەمتەرخەم دەزانین لەو بابەتە، جگە هیچ رۆڵێكیان نەبوو لە كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە و هاندەرانیان و هێزە تەناهییەكانی یاریگە، زۆر كەمتەرخەم بوون بەرانبەر رژانی خوێنی رۆڵەكانی شارەكەمان.
“لە یانەی هەولێر ڕای دەگەیەنین كە تەواوی ئەو ڕووداوە تاوانكاری و پێشێلكارییانەی سەرەوەمان بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و تۆماری ڤیدیۆیی ڕوون لە بەردەستدایە، بە ڕوونیش هەست بەوە دەكەین كە بوونی سەرپەرشتیاری تەناهیی یارییەكە كە خەڵكی شاری دهۆك بووە، بێ كاریگەر نەبووە لە دروستبوونی ئەم كەشە ناهەموار و پڕ لە مەترسییە و كەمتەرخەمی لە پاراستنی گیانی میوانان و وەرزشكاران”، لە بەیاننامەكەی یانەی هەولێر وا هاتووە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، بەو پێیە و بە مەبەستی پاراستنی مافی ڕۆڵەكانمان و شكۆی وەرزشوانانمان، ئەمڕۆ یانەكەمان بە فەرمی سكاڵای خۆی بە هاوپێچكردنی تەواوی بەڵگە و ڤیدیۆكان تۆمار دەكات، هەروەها یانەكەمان بە نووسراوی فەرمی داوا لە لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها داوا لە لیژنەی ڕێككاریی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق دەكەین بەشێوەیەكی رژد، خێرا و بێلایەن لێكۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بكات و سزای یاسایی و وەرزشیی توندی هەموو ئەوانە بدات كە دەستیان لەم هێرشانەدا هەبووە، چونكە خوێنی مرۆڤ و گیانی وەرزشكاران و هاندەران بەو شێوەیە هەرزان نییە كە بێ سزا و لێپرسینەوە تێپەڕێت.































































