ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
بەپێی توێژینەوەیەکی زانستیی cureus: سەبارەت بە خوێنبەربوونی خۆبەخۆی ناو مێشک لە هەرێمی کوردستان دەریدەخات کە بەرزیی پەستانی خوێنی درێژخایەن، جگەرەکێشان و نەخۆشی شەکرە سێ هۆکاری سەرەکین لە پشت تووشبوون بەم حاڵەتە مەترسیدارە کە ڕێژەیەکی بەرزی مردنی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، کە بۆ یەکەمجار داتای ورد لەسەر ئەم بابەتە لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو، پشتگوێخستنی چارەسەر و پابەندنەبوون بە خواردنی دەرمانەکان لەلایەن نەخۆشانی پەستانی خوێنەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی لە کاتی جەڵتەدا بڕی خوێنبەربوونەکە لە مێشکدا زۆر گەورەتر بێت و دۆخی تەندروستی و دەمارەکانی نەخۆشەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار تێکبچێت.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە لە بنکەکانی چاودێری تەندروستیی سەرەتاییدا گرنگییەکی زیاتر بە پشکنینی پێشوەختە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بدرێت، چونکە بەڕێوەبردنی دروستی ئەم هۆکارانە کلیلی سەرەکییە بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی خوێنبەربوونی مێشک لە ناوچەکەدا.































































