زاری کرمانجی
لە ڕێوڕەسمێکدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگای كۆڕێ -شەقڵاوە – قەنديلی کردەوە، لەمیانەدا وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای باسكردنی سەركەوتوویی پڕۆژەكە، ڕایگەیاند: هەوڵ دەدەین هەموو ڕێگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوازە ستانداردە دروست بکرێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی کردنەوەی پرۆژەکە ڕایگەیاند، ئەم شەقامە بەشێوەیەکی ئێجگار جوان و ستانداردی نێودەوڵەتی دروست کراوە، هەوڵ دەدەین هەموو ڕێگاکانی کوردستان بەمشێوازە بونیاد بنێین.
پرۆژەی ڕێگای (كۆڕێ -شەقڵاوە – قەنديل) جگە لە ڕێگایەکی خێرای دووساید بە درێژی 10 کیلۆمەتر، هەردوو تونێلی ستراتیژیی میراوە و ماوەران لەخۆدەگرێت و سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی مۆدێرنی بەپێی ستانداردی جیهانی تێدایە. شەقامەکە مەودایەکی 800 مەتری تێدایە، ئەم 800 مەترە تەکنەلۆجیای تێدا بەکاردەهێنرێت، وا دیزاین کراوە کاتێک بەسەریدا بڕۆیت گوێت لە میوزیک و گۆرانی بێت، سەرپەرشتیارانی پرۆژەکەش سروودی ئەی ڕەقیبیان خستووەتە سەر، سەرۆکوەزیران لەو بارەیەوە وتی، ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام، لەگەڵ لێخوورین لەسەر شەقامەکە گوێت لە سروودی ئەی ڕەقیب دەبێت.

































































