” ئایا کاتی یەکگرتنەوەی مێژوویی نەهاتووە “
ئه شقی ملا شیرۆکی
کوردستان لە ئێستادا لە بەرامبەر قۆناغێکی ئاساییی سیاسی و مێژووییدا نییە؛ بەڵکو لە بەرامبەر قۆناغێکدایە کە دەتوانێت چارەنووسی نەوەکانی داهاتوو دیاری بکات. ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئاستی نێودەوڵەتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا ڕوودەدەن، پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی قووڵ، هۆشیارییەکی سیاسی و بڕیارێکی نیشتمانیی بوێرانە هەیە. ئەمجارە جێگای هەڵەی ستراتیژی، ملمـلانێی ناوخۆیی و لەدەستدانی کات نییە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئێمە وەکو کورد، تا کەی دەمانەوێت بە توانای پەرتەوازە، بڕیاری جیاواز و هەڵوێستی ناتەبا ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە ببینەوە؟
ئەگەر بەرژەوەندیی کورد و پاراستنی داهاتووی کوردستان بەڕاستی لە سەرەوەی هەموو حیسابە حیزبی و تاکەکەسییەکانمانە، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنە سیاسییەکان، سەرکردەکان، سیاسەتمەداران و هێزە کاریگەرەکانی کوردستان لە سنووری بیرکردنەوەی تەسکی حیزبی بگوازنەوە و بگەنە ئاستی بەرپرسیاریی نیشتمانی.
لە ناو ئەم بارودۆخە هەستیارەدا، کوردستان پێویستی بە ڕابەرایەتییەکی یەکخەر، پێگەیەکی سیاسیی بەهێز و دەنگێکی یەکگرتووی نیشتمانی هەیە. بێگومان، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەهۆی ئەزموونی درێژی سیاسی، مێژووی خەبات، پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە سیاسییەکانی، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی و مێژوویی لەم قۆناغەدا بگێڕێت.
بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان بە دیدێکی نیشتمانی و بەرپرسیارییەوە لە دەوری جەنابیان کۆ ببنەوە؛ نەک بۆ ئەوەی سەرکەوتنی حیزبێک مسۆگەر بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان دابنێن. نابێت جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی تەنها لە چوارچێوەی سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ببینرێت؛ بەڵکو لەم قۆناغەدا پێویستە پێگە و توانایان وەکو ڕابەرێکی نیشتمانی بۆ یەکخستنەوەی توانای سیاسیی کورد بەکاربهێنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، نابێت چاومان لە ڕاستییەکی گرنگ بپۆشین: ناحەزانی کوردستان هەمیشە لە گەڕان بەدوای دەرفەتدان بۆ لاوازکردنی ناوخۆی کورد و کەمکردنەوەی پێگەی سیاسی و نەتەوەیی ئەم گەلە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، پێویستی بەوە هەیە کە ئێمەش لە ئاستی مەترسییەکاندا بیر بکەینەوە، نەک بە پێی ملمـلانێ و ناکۆکییە کۆنەکانمان. دوژمنان لە کاتی دابەشبوونماندا بەهێزتر دەبن، بەڵام یەکگرتوویی ئێمە دەتوانێت هەژموونی پیلانەکانیان بشکێنێت.
یەکگرتنەوەش تەنها بە وتار و دروشم بەدەست نایەت؛ پێویستی بە میکانیزمی هاوبەش، گفتوگۆی جدی، ڕێککەوتنی سیاسی، دیالۆگی نیشتمانی و بڕیارە کردارییەکان هەیە. دەبێت لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکان، یەکگرتوویی ناوخۆ، پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پاراستنی دامەزراوەکان و داهاتووی هێزەکانی کوردستان ڕێککەوتنێکی نیشتمانی دروست بکرێت.
ئێمە گەلێکین کە مێژوومان پڕە لە ئازار، قوربانی، ئەنفال، کیمیاباران، ئاوارەیی و ڕۆژگاری تاریک. بەڵام لە هەموو ئەو قۆناغانەدا بە هێزی ئیرادە و خەبات توانیومانە سەربەرز بمێنینەوە. لە لێواری لەناوچوونەوە گەڕاینەوە و بە خوێنی هەزاران شەهید ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە. ئایا شایستەیە دوای هەموو ئەو قوربانییانە، بەهۆی ناکۆکی و پەرتەوازەیی خۆمانەوە دەستکەوتەکانمان بخەینە مەترسییەوە؟
کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە یەکگرتنەوە هەیە، نەک بە یەکتر تۆمەتبارکردن؛ پێویستی بە ڕابەرایەتیی نیشتمانی هەیە، نەک ملمـلانێی حیزبی؛ پێویستی بە بڕیاری مێژوویی هەیە، نەک دواخستنی بڕیارەکان.
با ئەمجارە مێژوو شاهیدی ئەوە بێت کە سەرکردە و هێزە سیاسییەکانمان لە کاتی پێویستدا بەرژەوەندیی نەتەوەیان لە سەرووی هەموو شتێک دانا. با سەرۆک مەسعود بارزانی ببێتە خاڵی کۆبوونەوەی ئەو ئیرادە نیشتمانییە، و با هەموو لایەنەکان بە هەستکردن بە قورسایی ئەم ساتە مێژووییە، هەنگاوی کرداری بنێن.
چونکە ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری یەکگرتنەوە نەدەین، سبەی لەوانەیە دەرفەتی بڕیاردانمان نەبێت. ئەگەر ئەمڕۆ بەرپرسیاریی مێژوویی خۆمان جێبەجێ نەکەین، سبەی نەک تەنها مێژوو، بەڵکو نەوەکانی داهاتووش لێمان دەپرسن:
کاتێک کوردستان پێویستی بە یەکگرتوویی هەبوو، ئێوە لە کوێ بوون؟

































































