لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچووانی خولی 31ـەمینی زانکۆی دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا چەندین پەیامی گرنگی لەبارەی کەرتی خوێندن، پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان خستە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن و پێشخستنی دەستکەوتەکانی کوردستان لە ئەستۆی نەوەی نوێدایە.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی خولی 31ـەمینی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا سێ هەزار و 98 خوێندکار لە 20 کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە بڕوانامەی دەرچوون بەدەستدەهێنن.
مەسرور بارزانی لە ئاهەنگەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: چاکسازیی زۆر لە زانکۆی دهۆک کراوە و سوپاسی سەرۆکایەتیی زانکۆکە دەکەم، هەروەها سوپاسی تەواوی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابییان دەکەم، زانست شتێکی باشە بەڵام بەبێ خۆشەویستی بۆ وڵات تەواو نییە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، هیوادارم ئێوە چەند بخوێنن و بخوێننەوە تێکەڵ بە خۆشەویستیی وڵاتی بکەن، ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدەن ئێوە بێهیوا بکات، ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین و خاک و وڵات و دەستکەوتەکانمان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و ماندووبوونی شەهیدەکانمانە کە زۆرێک لەوان کەسوکاری ئێوەن.
گوتیشی: بۆ بەرز ڕاگرتنی خوێنی شەهیدەکانمان و قوربانیدانی پێشمەرگە پێویستە وڵات و دەستکەوتەکانمان بپارێزین و لێرە بەدواوە ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە، جیا لە خۆشەویستیی وڵات پێویستە بیپارێزن، هەروەها پێویستە ژینگەی وڵاتەکەشمان بپارێزین، چونکە پاراستنی ژینگەکەمان، دەبێتە هۆی دروستبوونی وڵاتێکی تەندروست و ئاوەدان؛ هەروەها دەبێتە هۆی ئاوەدانی و تەندروستی بۆ نەوەکانی داهاتووش.
دەرفەتی کار، کەرتی تایبەت و پرسی دامەزراندن
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، دەزانم ئێوە دەتانەوێت لە کۆمەڵگادا ڕۆڵتان هەبێت و خزمەتی زیاتری وڵاتەکەتان بکەن، هیچ وڵاتێک لە جیهان دروست نەبووە بەبێ ئەوەی ڕۆڵەکانیان زەحمەتیان نەکێشابێت، هەروەها کەسیش لە دەرەوەی وڵاتەکەیان نەهاتووە خزمەتیان بکات، بەڵکو بڕیاری خۆیان بووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان، ئێوە دەتوانن وڵاتەکەتان زیاتر ئاوەدان بکەنەوە و بەرەوپێشەوەی ببەن، لەسەر حکوومەتە هاوکاریی ئێوە بکات و دەرفەتی کارتان بۆ بڕەخسێنێت.
گوتیشی: بەداخەوە ئەم پێشکەوتنەی ئێوە لە هەرێمی کوردستان دەبینن بەبێ زەحمەتی نەبووە و زۆر ڕێگریمان لێ کراوە ئەگەر نا لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر دەبووین، ناحەزەکانمان چاویان بە پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایێت، هەوڵیانداوە ڕێگە نەدەن ئێمە پێشبکەوین، بەڵام خۆڕاگریی ئێوە و قوربانیدانی پێشمەرگە بووەتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری وڵاتەکەمان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ دەستەبەر بکەین، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2013وە حکوومەتی فیدراڵی ڕێگەی نەداوە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.
هەروەها گوتیشی: هەموو ئەو پڕۆژانەی لێرە جێبەجێکراون ڕەنجی ماندووبوونی ئێوەیە، کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی توانیمانە هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش و پێشکەوتنی زیاتر دروستبکەین و ڕێگەنەدەین هیچ ڕێگرییەک بمانوەستێنێت، لەگەڵ حکوومەتی عێراق کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەرچووانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین، بەڵام ئەوە بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە لە کەرتی تایبەت هەلیکاری زیاتر بڕەخسێنێت، هاوکاریی کەرتی تایبەت دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی کاری زیاتر بۆ ئێوە بڕەخسێنێت و زیاتر بچێتە پێش.
ئاماژەشی دا، ئەمە پەیمانێکە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەیەکەوە هاوکاری یەکتربین، ئێوە چەندە چاوەڕوانی ئێمەن، ئێمەش ئەوەندە چاوەڕوانی زەحمەتی ئێوەین و پاڵپشتی ئێوەین، حکوومەت بەشێکە لە ئێوە، ئێوە حکوومەت پێکدەهێنن و لە حکوومەتەکانی داهاتوو ئێوەی تێدادەبێت، ئێوە وڵاتەکەتان دەگەیەننە ئەو ئاست و قۆناغەی کە ئێوە دەتانەوێت، ئێمە نە ماندوودەبین و نە بێهیوا دەبین.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ حکوومەتی ئێستای عێراق هەنگاوەکانمان زیاتر دەچێتە پێش و پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و بەرەو چارەسەری دەڕۆن، پشتیوانیی خۆمان بۆ حکوومەتی ئێستا ڕاگەیاندووە و مەرجی ئێمە بۆ پشتیوانیی بەردەوام جێبەجێکردنی دەستوورە و جێبەجێکردنی هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
ڕاشیگەیاند، ئێمە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لەسەر داواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەر بوار و کاتێک بێت، بەشێک لەو کێشانەی هەبوون چارەسەرکراون و هەروەها بەشێکی زۆریشیان ماون، بەڵام بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و ڕۆڵی پێشمەرگە
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی: لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو بینیتان هێزەکانی هاوپەیمانان کۆتاییان بە ئەرکەکانیان هێنا، وەک ئەرکی هاوپەیمانییەتی دژ بە داعش، بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسیان دەکەین بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کە هێزێکی شەڕکەربوون بۆ تێکشکاندنی تیرۆر، داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێکشکێندرا، ڕاستە هاوکاریی هاوپەیمانان زۆربوو، بەڵام قارەمانانی تێکشکاندنی تیرۆر پێشمەرگە بوو، زۆرێک لەو پێشمەرگانە کەسوکاری ئێوەن بۆیە جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەم و سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەم، سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە کە هەموو جیهان شانازی پێدەکات.
باسی لەوەش کرد، مادام ئێمە خاوەنی پێشمەرگەین، کوردستان ئەمن و ئەمانە، پێویستە هیچ کەسێک تەماحی لە کوردستان نەدات و بڵێت هێزەکانی هاوپەیمانان نەماون و کوردستان دەبێتە پاروویەکی ئاسان، کوردستان بەدەستی پێشمەرگەکانمان پارێزراوە و بەدەستی پێشمەرگەش ئاوەدان و پارێزراو دەمێنێت.
هەر سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاماژەی دا، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان مانای ئەوە نییە پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان کۆتاییهاتووە، بەڵکو شێوازی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانان گۆڕاوە، ئەرکی ئەوان بۆ شەڕی دژ بە داعش بوو، بەڵکو پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی دیکە دەبێت، ئەم پەیوەندییانە بەردەوام دەبن پشتیوانیی وڵاتانی دۆست بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە پشتمان بە خودای گەورە و پێشمەرگە و ئێوە گەرمە، متمانەی ئێوە بە حکوومەت جێگای شانازییە و متمانەی حکوومەتیش بە ئێوە جێگای شانازی و سەربەرزییە، بۆیە پەیوەندییەکانمان چەندە بەهێزبن هاوکاریی هاوپەیمانانیش بۆ ئێمە زیاتر دەبن.
پێکهێنانی حکوومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان
مەسرور بارزانی بەشێکی دیکەی گوتارەکەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت تەرخان کرد و ڕایگەیاند، خوشک و برایانی هێژا، بابەتێکی دیکە هەیە دەمویست بۆتانی باس بکەم بابەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانە، لەم مانگەدا دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەداخەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارانەکراوەتەوە و حکوومەتیش پێکنەهاتووە کاتی زۆری خایاندووە و بە دڵی هیچ کەسێک لە ئێمە نییە، هەر لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردن، داوامان کردووە پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی بکات و حکوومەتی نوێش پێکبهێنرێت، هەموو کاتێک ئامادەبووینە و دەستی دۆستایەتیمان بۆ ئەو لایەنانە درێژکردووە کە دەنگی پێویستیان هێنا و ئەندام پەرلەمانیان هەیە، بانگمان کردوون بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکەینەوە و کابینەی نوێش پێکبهێنرێت.
گوتیشی: پێویستە پێکهێنانی حکوومەت ڕەنگدانەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت، هەرچەندە ئێمە زۆر ئامادەبووینە و ئێستاش ئامادەین زیاتر لە مافی لایەنەکانی دیکە ئاسانکارییان بۆ بکەین، هەروەها ئامادەییمان نیشانداوە لە مافی خۆمان خۆشبین لەپێناو میللەتەکەمان و بۆ ئاشتی و ئاوەدانیی وڵاتەکەمان و حکوومەتی نوێ پێکبهێنرێت، هیچ هۆکارێک نییە دوای دوو ساڵ پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، ئەگەر مرۆڤ بیربکاتەوە بۆچی پەرلەمان کارا ناکرێتەوە و حکوومەتی نوێ پێکناهێندرێت ئیلا لایەنێک بەرژەوەندی تێدا هەبێت، حوکمڕانییەک بکات بەبێ ئەوەی بەرپرسیاربێت بەرامبەر بە میللەتەکەی، بەبێ ئەوەی بەرپرسیار بێت بەرامبەر حکوومەتێک، بەڵکو بیەوێت ئەم بارودۆخە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، نابێت خەڵکی ئێمە چیتر لە هیچ هێزێکی سیاسی قبووڵ بکات یاری بە چارەنووسی میللەتەکەمان بکات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، پەرلەمانتاران نوێنەری خەڵکی کوردستانن، ئەرکی پەرلەمانتارانە وەفاداربن بۆ دەنگی هەر تاکێک کە دەنگی پێداون کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان دابنیشێت و بەرگری لە داواکارییەکانی خەڵکەکەی بکات، دەمانەوێت پەرلەمان کارابکرێتەوە چونکە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەت دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانە، جارێکی دیکە داواکاریی ئێمە ئەوەیە بەرژەوەندیی میللەتەکەمان پێش بەرژەوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکانیان بهێنن، واز لە دەستکەوتە کەسییەکان بێنن بیر لە وڵات و میللەت بکەنەوە، دەست لەناو دەستی ئێمە بنێن و پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکوومەتی نوێ پێکبهێنرێت، چونکە ئارامیمان سنووری هەیە، ئێمە دەمانەوێت ڕاستگۆبین لەگەڵ میللەتەکەمان هەروەها ڕاستگۆبین لەگەڵ دەنگدەرەکانمان.
هەر سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەمانەوێت حکوومەتی نوێ بە زووترین کات پێکبهێنرێت، ئامادەی هەموو هاوکارییەکی بۆ هەر لایەنێک کە خەمخۆری ئەم وڵاتە و میللەتەکەن بەیەکەوە بەرەو ئاوەدانی و دەستکەوتی زیاتر هەنگاوبنێین.
پەرەپێدانی کەرتی خوێندن و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان
مەسرور بارزانی لە درێژەی گوتارەکەیدا بە قوتابییانی گوت: دەمویست ئەم قسانە لە خزمەت ئێوەدا بکەم، چونکە ئێوە دەچنە نێو قۆناغێکی نوێوە، قۆناخی خوێندن کۆتاییهات بەڵام ئێوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ڕێگری دەبنەوە، دەرفەتی زۆرتان بۆ دێتە پێش، خوێندن تەنیا خوێندنەوەی کتێبێک یان فێربوونی زانستێک نییە، دەمانەوێت کوردستانەکەمان ساڵ بە ساڵ زیاتر بچێتە پێش و ئاوەدان بێت، لەسەر ئاستی خوێندن هەنگاوی باشمان ناوە، دەستەی متمانەبەخشین لە ئەنجوومەنی وەزیران هاتە دامەزراندن، بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن بە پێوەر و ستانداردێکی نێودەوڵەتی بچێتە پێش، ئەنجامی زانکۆکانمان ساڵ بە ساڵ باشترە، خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە قۆناخی بنەڕەتی تاوەکو زانکۆ بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمە نییە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی دا، هیوادەخوازین هیچ کاتێک کوردستان لە ئاوەدانی و پێشکەوتن نەوەستێت و ئەم پێشکەوتنە لەسەر دەستی ئێوە دروستدەبێت، جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم و پیرۆزباییتان لێدەکەم، هەمیشە سەرکەوتووبن و ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژەکانی ئێوە پڕبێت لە دەستکەوت و سەرکەوتن و کوردستان هەردەم ئاوەدانبێت.

































































