ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
کۆمپانیایەکی چینی رۆبۆتێکی نوێی پشتبەستوو بە ژیریی دەستکرد ناساندووە کە ئامانجی سەرەکیی یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە بە تەنیا دەژین و پێویستییان بە هاودەم و پشتیوانیی سۆزداری هەیە. ئەم داهێنانە لە کاتێکدا پێشکەش کراوە کە ژمارەی سینگڵەکان لە چین لە ١٢٠ ملیۆن کەس تێپەڕیوە.
رۆبۆتەکە، کە ناوی “یو وەن”ی لێنراوە، بە شێوەیەکی مرۆیی دروستکراوە و بەرنامەی وای بۆ دانراوە کە بەردەوام پاڵپشتی خاوەنەکەی بکات، خۆشی بوێت و هەستی دڵسۆزی نیشان بدات. بەپێی داهێنەرانی، ئەم رۆبۆتە دەتوانێت جێگای هەندێک لە ڕێبازە باوەکانی دەربڕینی سۆز، وەک دیاری، گوڵ و شوکۆلات، بگرێتەوە و پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ بەکارهێنەر دروست بکات.
مایکڵ تام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەکۆی UWORLD، وتی، “رۆبۆتەکە بۆ ئەوە دروستکراوە کە ببێتە هاوبەشی ژیانی خاوەنەکەی و خۆشەویستی و دڵسۆزییەکی بەردەوام پێشکەش بکات. بە گوێرەی وتەکانی، ئەم بەرهەمە زیاتر دوو گرووپی سەرەکی بە ئامانج دەگرێت؛ سینگڵەکان و کەسانی تەمەن سەرووی ٦٠ ساڵ، کە تەنها لە چین ژمارەیان لە ٣٢٠ ملیۆن کەس زیاترە. چۆو جیان، دامەزرێنەری کۆمپانیای UBTechیش، دەڵێت، “لە سەردەمی ئێستادا خەڵک تەنها بەدوای دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکاندا ناگەڕێن، بەڵکو ئارەزووی ژیانێکی دڵخۆشتر و ئاسوودەی سۆزدارییان هەیە، و ئەم رۆبۆتەش بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێویستییە دروست کراوە.”
هەرچەندە بەرهەمەکە بەڵێنی هاودەمی و خۆشەویستیی “بێ مەرج” دەدات، بەڵام نرخەکەی بەرزە؛ هەر یەکەیەکی بە ١٧ هەزار و ٦٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت. لە هەمان کاتدا، شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا پێیان وایە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت، دەتوانێت بازاڕێکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ رۆبۆتە هاودەمەکان دروست بکات و لە داهاتوودا ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا بگێڕێت.


































































